حەمەی حەمەسەعید: بەڵێ بۆ راگرتنی قاچاخچێتی و دزینی نەوت، نەخێر بۆ زیانگەیاندن بە کیانی هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز- بابان عومەر
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری لە پێگەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرەڕای تەنگژە ناوخۆییەکانی و لەکەداربوونی پرۆسە دیموکراتییەکەی و بارگرانیی ژیانی هاووڵاتیانی، رووبەڕووی کێشەی سیاسی و یاسایی دەرەکی بووەتەوە.
وەزیری رۆشنبیری جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە هەموو لایەک لە لێکدانەوە و شیکاریی رووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدادا دوو راستیی بەرجەستە لەبەرچاو بگرن و دۆسیەکان تێکەڵ نەکەن.
لە خاڵی یەکەمدا حەمەی حەمەسەعید نووسیویەتی: "هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی لە هەندێک دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا لە دوای 2005ەوە، رەنگە زیاتر لەوەی دەستوور پێی رەوا بینیبوو، رۆڵی گێڕاوە، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ لەقاڵبدانی دەسەڵاتی دەستووریی هەرێمی کوردستان رەتکراوەیە.
دژایەتیکردنی هەرێم و هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەی جوگرافیا و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی لەلایەن هەموو رۆڵەیەکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و کۆی گشتیی هاووڵاتیانەوە رەتدەکرێتەوە".
روونیشی کردووەتەوە، ئەگەرچی لە ناوخۆدا کێشمەکێشە سیاسییەکان گەلی کوردستانیان بێهیوا کردووە، بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ دژایەتیکردنی خودی ئەو کیانەی بە خوێنی هەزاران هەزار شەهید و ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوانی کوردستان بەدیهاتووە، باسی لەوەش کردووە کە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا دەستکەوتی یەکێتی و پارتی نین، بەڵکو دەستکەوتی هەموو لایەنە سیاسییەکانن کە بەشدارییان لە تێکۆشانی رزگاریخوازی کوردستاندا کردووە، هەر بۆیە هەموو کوردێکی خاوەن دیدگای نەتەوەیی و نیشتمانی لە سەنگەری بەرگری لە دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دەمێنێتەوە و دژی ئەو هەوڵەی نەیارانی کورد دەوەستێتەوە.
لە خاڵی دووەمیشدا وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو قۆناغێکدا قوربانیی گەورەیان داوە و هەرچی لە توانایاندا بووە پێشکەشیان کردووە لە پێناو مانەوەی دەستکەوتەکان، بەڵام "هیچ کاتێک خەڵکی کوردستان ناچنە ژێر باری بەرگری لە قاچاخچێتی و دزینی سامانی ژێرخان و سەرخانی وڵاتەکەیان".
ئەوەشی خستووەتە روو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە روونی دەبینرێت خەڵک دژایەتیی دزینی نەوت و تاڵانکردنی سامانی کوردستان دەکەن و دژی قاچاخچێتی و بێسەروشوێنکردنی داهاتی هەرێمن، وتووشیەتی: "لە ناوخۆدا دەیان پرۆژە و سەدان هەوڵ دران بۆ راگرتنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە قوتی خەڵک و سامانی ئەم نەوەیە و نەوەکانی داهاتوو دەکرێت، سوودی نەبوو، ئامۆژگارییەکان، رەخنەکان، پێشنیاز و رێگەچارەکان دەخرانە روو، بەڵام گوێ بۆ بیستنیان نەبوو".
حەمەی حەمەسەعید جەختی لەوەش کردووەتەوە کە خەڵک دژی تاڵان و ماشینەوەی سامان، گرانکردنی ژیان، تەنگپێهەڵچنین و داتەکاندنی گیرفانی کاسبکاران و دروستکردنی دیواری بەرزی جیاوازیی چینایەتییە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیری رۆشنبیری رایگەیاندووە: "ئێستاش کە فشارەکانی زەیدی لایەنە ناکۆکەکانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە پێکەوەبن، دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بە دۆخی حوکمڕانی، سیستمی سیاسی، ژیانی پەرلەمانی، پرۆسەی دیموکراتی، بوارەکانی ئابووری و دارایی و دادوەری و کۆی جومگەکانی هەرێم بکرێت، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر تووشی داڕمان نەبین".
AM:11:22:29/11/2026
ئهم بابهته 488
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت