میدیای ئێران: داخستنی سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران لەلایەن عێراقەوە لەژێر فشاری ئەمریکادایە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

میدیای "ئێران بالعربیة" رایگەیاند، داخستنی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران بەئامانجگرتنێکی بەرنامەبۆداڕێژراوی شادەمارە ئابوورییەکانە لەژێر فشاری ئەمریکادا.


بە گوێرەی ئەوەی میدیا ئێرانییەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو رێکارانەی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە پاساوی قاچاخبردنی نەوت، ساختەکردنی دراو و ماددەی هۆشبەر، بە پشتیوانی و فشاری ئەمریکا دەکرێن و ئامانج لێیان پەکخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو وڵاتە.

میدیا ئێرانییەکە ئەو بانگەشانەی بە بێبەڵگە وەسف کردووە و هۆشداریشی داوە لەوەی داخستنی وردەوردەی سنوورەکان زیان بە هەزاران خێزان و چالاکیی بازرگانی دەگەیەنێت.

هاوکات داوای لە بەغدا کردووە بەرژەوەندیی ئابووریی خۆی بخاتە پێش فەرمانەکانی ئەمریکا و لە رێگەی هەماهەنگیی هاوبەشەوە سنوورەکان بپارێزێت.

ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانییەکانی محەمەد موخبیر، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران و لێدوانەکەی دوێنێی موحسین رەزایی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە لە دیداری قاسم ئەعرەجیدا جەختی کردەوە نابێت رێگە بە بیانییەکان بدرێت زیان بە هاوکاریی ئابووریی نێوان تاران و بەغدا بگەیەنن.


AM:10:26:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو