حکومەتی هەرێم: لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2025 حکومەتی فیدراڵی مووچەی هەشت ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک پێشێلکاریی دەستووریی حکومەتی فیدراڵیی عێراقی خستەڕوو و رایگەیاند، لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2025، مووچەی 8 ساڵی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نەنێردراوە.


حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای کەمکردنەوە و کۆتوبەندەکان، ئەو پشکەی بەکردەیی لە بودجەی فیدراڵیدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، بەراورد بە رێژەی 17%ی پێشوو، لە باشترین دۆخدا تەنها 5% بووە.

هاوکات ئاماژە بەوەدراوە کە وەک پێشێلکارییەکی دەستووریی دیکەی حکومەتی فیدراڵی، رێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە دەزگا فەرمانبەرییە فیدراڵییەکاندا، بەتایبەت لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، کەمترە لە 1%.

لە بەشێکی دیکەی خستنەڕووەکەدا باس لەوە کراوە کە تا ئێستا «ئەنجومەنی فیدراڵی» پێکنەهێنراوە، سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ ساڵی 2010ی وەک دوا وادە بۆ پێکهێنانی دیاری کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا 14 یاسای فیدراڵی هێشتا بە پەکخراوی ماونەتەوە و دەرنەچوێنراون، سەرەڕای دەقی روونی دەستوور کە ئاماژەی پێ کردووە.

سەبارەت بە ماددەی 140، حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە نزیکەی 20 ساڵ بەسەر وادەی ماددەکەدا تێپەڕیوە و جێبەجێ نەکراوە، لە کاتێکدا دوا وادەی دەستووری بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە 31ی کانوونی یەکەمی 2007 بەبێ جێبەجێکردنی کردەیی کۆتایی هاتووە.

هەروەها حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە پەراوێزخستنی زمانی کوردی (ماددەی 4) کردووە کە خۆی لە جێبەجێنەکردنی کردەیی یاسای زمانە فەرمییەکان ژمارە (7)ی ساڵی 2014 دەبینێتەوە لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، دانیشتنەکانی پەرلەمان، دادگاکان، کۆنفرانسە فەرمییەکان و نەنووسینی لەسەر دراوی عێراقی.


PM:04:33:28/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت