پارتی و یەکێتی لەسەر چی رێککەوتن؟ وێستگەنیوز ئاشکرای دەکات
وێستگەنیوز-
بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی دوو لیژنەی هاوبەش (یاسایی و سیاسی) بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست وێستگەنیوز کەوتوون، ئەرکی ئەو دوو لیژنەیە بە شێوەیەک دابەشکراوە کە لیژنە یاساییەکە لە کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند بە دەستوور و یاسا پێکدێت، بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و ئامادەکردنی وەڵامی یاسایی بۆ ئەو خاڵانەی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاویکردوونەتەوە، هاوکات لیژنە سیاسییەکەش لە بەرپرسانی باڵای هەردوو حیزب پێکدێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق.
هاوکات دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە بارودۆخی تازەی عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر پرسە هەنووکەییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرتنەبەری دیالۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بڕیاریاندا بە یەک هەڵوێستی هاوبەش بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 2026/12/1 بکەن کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا و بەرگریکردن بە هاوبەشی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
PM:03:31:28/11/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت