حکومەتی هەرێم: حکومەتی فیدراڵ دەیان ماددەی دەستووری بەرامبەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردووە

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە بەڵگە یاسایی، دارایی و سیاسییەکانی نێوان ساڵانی 2005 تا کۆتایی 2025ـ، ئەوە خراوەتە روو کە بەغدا وەک مەرجەعێکی باڵا مامەڵەیان لەگەڵ دەستووردا نەکردووە، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندیی سیاسی بڕگەکانیان هەڵبژاردووە یان پەکخستووە.

لە راپۆڕتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دا هاتووە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005، بەڵگە یاسایی و دارایی و سیاسییەکان دەریدەخەن کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەستووردا نەکردووە وەک مەرجەعێکی یاسایی باڵا و پابەندکەر، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هەڵبژاردنی بەشێکی، دواخستن، پەکخستن یان لێکدانەوە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. ئەم رێبازە لە کرداردا دەوڵەتی عێراقی بەرەو ناوەندگەرایی گێڕاوەتەوە، بنەمای هاوبەشیی راستەقینەی هەڵوەشاندووەتەوە، و گوشارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی خستووەتە سەر مافە دەستوورییەکان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

دیارترین ژمارە و ئامارە خێراکان


ئەم ئامارانەی خوارەوە قەبارەی پێشێلکارییە دەستوورییە تۆمارکراوەکان لە ساڵی 2005 تا کۆتایی 2025 کورت دەکەنەوە:

15 ساڵ دواکەوتن: تا ئێستا «ئەنجوومەنی فیدراڵی» پێک نەهێنراوە، سەرەڕای ئەوەی دەستوور ساڵی 2010ی وەک دوا وادە بۆ پێکهێنانی دیاری کردبوو.

کەمتر لە 1%: رێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە دەزگا فەرمانبەرییە فیدراڵییەکاندا، بەتایبەت لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان.

لە باشترین دۆخدا 5%: ئەوپەڕی ئەو پشکەی بەکردەیی بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا تەرخان کراوە دوای کەمکردنەوە و کۆتوبەندەکان، بە بەراورد بە رێژەی 17%ی پێشوو.

8 ساڵ بڕینی تەواوەتی: لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2025 هەرێمی کوردستان مووچەی هەشت ساڵی بە تەواوەتی نەنێردراوە.

نزیکەی 20 ساڵ بەسەر وادەی ماددەی 140دا: دوا وادەی دەستووری بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2007 کۆتایی هاتووە بەبێ جێبەجێکردنی کردەیی.

14 یاسای فیدراڵیی جەوهەری: هێشتا بە پەکخراوی ماونەتەوە و دەرنەچوێنراون سەرەڕای دەقی ڕوونی دەستوور.

شەش تەوەرە سەرەکییەکەی پێشێلکارییە دەستوورییەکان

یەکەم: پێشێلکردنی بنەمای فیدراڵیزم و هاوبەشیی راستەقینە

بەپێی ماددەی (1)، عێراقی دوای 2005 لەسەر سیستەمێکی فیدراڵیی پەرلەمانیی دیموکراسی دامەزراوە، بەڵام دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کۆڵەکە دامەزراوەییەکانی ئەم سیستەمەیان پەکخستووە لە رێگەی:

پەراوێزخستنی زمانی کوردی (ماددەی 4): جێبەجێنەکردنی کردەیی یاسای زمانە فەرمییەکان ژمارە (7)ی ساڵی 2014 لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، دانیشتنەکانی پەرلەمان، دادگاکان، کۆنفرانسە فیدراڵییەکان و نەنووسینی لەسەر دراوی عێراقی.

تێکچوونی هاوسەنگیی سوپا و بوونی میلیشیاکان (ماددەی 9/یەکەم): نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا لە پێکهێنانی سوپای عێراق، و دروستکردنی میلیشیای چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان کە بوونەتە هێزێکی هاوتەریب و خاوەن هەڵوێستی سیاسی، ئەمەش پێشێلکردنی روونی قەدەغەکردنی دەستوورییە.

نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی (ماددەکانی 48، 65، 137): بەردەوامبوونی تاکڕەویی ئەنجوومەنی نوێنەران لە یاساداناندا بەپێی بنەمای زۆرینە، بەبێ بوونی ئەنجوومەنی دووەمی یاسادانان کە بەرژەوەندیی هەرێم و پارێزگاکان دەپارێزێت.

نادەستووریبوونی پێکهاتەی دادگای باڵای فیدراڵی (ماددەی 92): بەردەوامبوونی کارکردنی دادگاکە بە یاسایەکی پێش دەستوور بەهۆی دەرنەچوێنرانی یاسای تایبەت بە خۆی، و دەرکردنی بڕیارگەلێک کە دژ بە سیستەمی فیدراڵین.

پەکخستنی دەستە زامنکەرەکانی هاوبەشی (ماددەکانی 105، 106، 107): پێکنەهێنانی دەستەی گشتیی زامنکردنی مافی هەرێم و پارێزگاکان سەرەڕای دەرچوونی یاساکەی لە 2014، بێدەسەڵاتکردنی دەستەی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان، و دابەزینی نوێنەرایەتیی کورد لە فەرمانبەرێتیی فیدراڵیدا بۆ کەمتر لە 1%.

بەئامانجگرتنی دەسەڵات و یاساکانی هەرێم (ماددەکانی 117، 121، 141): هەوڵدان بۆ داماڵینی هەرێم لە دەسەڵاتەکانی لە رێگەی یاسای ناوەندگەرا و بڕیاری دادگاوە، رێگریکردن لە پێکهێنانی هەر هەرێمێکی فیدراڵیی نوێ، و نەکردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی هەرێم لە زۆربەی باڵیۆزخانەکانی عێراقدا.

دووەم: پێشێلکردنی بنەمای دیموکراسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان


ماددەی (47) بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی چەسپاندووە، بەڵام لە کرداردا دەستوەردان و پێشێلکاریی بەرفراوان رووی داوە:

دەستوەردانی دەسەڵاتی دادوەری: دەرکردنی بڕیاری نادەستووری کە سروشتی یاسادانان، جێبەجێکردن یان سیاسییان هەیە بۆ دوورخستنەوەی لایەنە سیاسییەکان و گۆڕینی رێڕەوی سیاسی.

دەستدرێژیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ سەر پەرلەمان (ماددەی 61): دامەزراندنی فەرماندە باڵاکانی سوپا و پلە تایبەتەکان بەبێ رەزامەندیی پەرلەمان، و پشتگوێخستنی مەرجە دەستوورییەکانی راگەیاندنی باری نائاسایی (کە پێویستی بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەیە).

تاکڕەوی لە بڕیاری جێبەجێکردندا (ماددەکانی 80 و 85): پیادەکردنی زۆربەی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەیەوە، و پەسەندنەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی دەستوور.

لێدان لە سەربەخۆیی دەستە سەربەخۆکان: بەستنەوەی دەستە سەربەخۆکان (وەک دەستەی دەستپاکی، بانکی ناوەندی، دیوانی چاودێریی دارایی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن) بە سەرۆکوەزیرانەوە بەپێی بڕیاری ژمارە (88)ی ساڵی 2011ی دادگای فیدراڵی کە چاودێریی پەرلەمانی لاواز کرد، لەگەڵ بەکارهێنانی سیاسییانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری (ماددەی 135).

سێیەم: خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)


ماددەی (140) دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵیی پابەند کردووە بە تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماددەی (58)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، بە مەبەستی سڕینەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە رێگەی سێ قۆناغەوە (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، راپرسی) تا دواوادەی 31ی کانوونی یەکەمی 2007. دوای نزیکەی دوو دەیە، حکوومەتە فیدراڵییەکان هیچ جددیەتێکیان نیشان نەداوە و تەنیا بە هەنگاوی سادە و رووکەش قایل بوون، لە کاتێکدا پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی هێشتا بەردەوامە.

چوارەم: سیاسەتی دارایی ستەمکارانە و پێشێلکارییەکانی یاسای بودجەی سێ ساڵە(2023–2025)


بەغدا سیاسەتێکی دارایی گوشارئامێزی دژی هەرێم پەیڕەو کردووە کە بڕینی بودجە (2014–2025) و نەناردنی مووچەی هەشت ساڵی مووچەخۆران لەو ماوەیەدا، گەورەکردنی خەرجییە سیادییەکان بۆ دەرکردنیان لە پشکی هەرێم، بێبەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شایستەکانیان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری، و دواخستنی مووچە و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە هۆکاری سیاسی لەخۆدەگرێت، کە پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری ژمارە (224)ی ساڵی 2023ی دادگای باڵای فیدراڵییە.

لەسەر ئاستی یاسادانانیش، یاسای بودجەی گشتیی ژمارە (13)ی ساڵی 2025-2023 پێشێلکاریی دەستووریی روونی تێدایە، دیارترینیان:

هەموارکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ رەزامەندیی حکوومەت: پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە (ماددەی 47).

جیاکاری لە زیادەی نرخی نەوتدا (ماددەی 2/یەکەم/5/ب): جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی 30%ی جیاوازیی زیادەی نرخی بەرمیلێک نەوت کە بۆ پارێزگاکانی دیکە دانراوە، ئەمەش پێشێلکردنی ماددەکانی (14، 112، 121)ـە.

داهێنانی «خەرجیی کردەیی - ئینفاقی فیعلی» (ماددەی 11/دووەم): هەژمارکردنی پشکی هەرێم لەسەر بنەمای «خەرجیی کردەیی» دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان (کە یەکەم جار ساڵی 2015 خرایە ناو یاساوە)، لەبری «کۆی داهاتە کۆکراوە فیدراڵییەکان» کە ماددەی (121/سێیەم) بە رەهایی دەقی لەسەر داوە.

مەرجدارکردنی پارەدارکردن و دەستوەردان لە دەسەڵاتەکان (ماددەکانی 12 و 13): دانانی مەرجی پێشوەختە بۆ ناردنی پشکی دەستووریی هەرێم (پێشێلکردنی ماددەی 46 کە رێگە نادات زیان بە جەوهەری ماف بگەیەنرێت)، و پێدانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دارایی بە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی لە ماددەکانی (78 و 110)دا، لەگەڵ پێشێلکردنی پێشینەیی یاسای هەرێم لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا (ماددەی 115).

پێنجەم: پەکخستنی هاوبەشی لە نەوت و گاز و گەڕانەوە بۆ یاساکانی رژێمی پێشوو


سەرەڕای ئەوەی ماددەکانی (111 و 112) هاوبەشییان لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکانیدا چەسپاندووە، دوای 20 ساڵ عێراق هێشتا لە بۆشاییەکی یاساییدایە بەهۆی دەرنەچوێنرانی یاسای فیدراڵیی نەوت و گازەوە. بڕیاری دادگای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022 بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007، قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە لە رێگەی چەند دژبەیەکییەکی دەستوورییەوە:

خستنەناوەوەی نەوت و گاز بۆ ناو دەسەڵاتە حەسرییەکانی فیدراڵی: لە کاتێکدا ماددەی (110) هیچ ئاماژەیەکی بە سامانە سروشتییەکان نەداوە و بە روونی دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکان و دەسەڵاتی هەرێمەکان لە ماددەکانی (112 و 115)دا.

تێکەڵکردنی دەستەواژەی داڕشتنی سیاسەت (هێڵە گشتییەکان) لەگەڵ دانانی سیاسەت: تێکەڵکردنی بازرگانیی ناوخۆیی نێوان هەرێم و پارێزگاکان (ماددەی 110/سێیەم) لەگەڵ بازرگانیی نێودەوڵەتیی سیادی.

زیندووکردنەوەی یاساکانی سیستەمی ناوەندیی پێشوو: وەک یاسای رێکخستنی وەزارەتی نەوت ژمارە (101)ی ساڵی 1979 و یاسای سامانی هایدرۆکاربۆنی ژمارە (84)ی ساڵی 1985 بە پشتبەستن بە ماددەی (130)، لەگەڵ پشتگوێخستنی ماددەی (13) کە دەستوور بە باڵاترین یاسا دادەنێت و هەر دەقێکی یاسایی پێچەوانەی دەستوور بە پووچەڵ هەژمار دەکات.

شەشەم: بۆشایی یاسادانان و پەکخستنی یاسا فیدراڵییەکان


AM:10:42:28/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو