وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدڕاڵ و هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر دەکەین
وێستگەنیوز- نێچیر
کەمال
وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا، پشتیوانیی واشنتۆنی بۆ عێراقێکی یەکگرتوو، فیدراڵ و خاوەن سەروەری و
هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و گەشەسەندوو لە چوارچێوەیدا دووپات کردەوە و جەختیش
دەکاتەوە کە دەبێت کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆ و
بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی
تشرینی دووەمی 2026، تۆکاس بیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا رایگەیاندووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیری لە چارەسەرکردنی پرسە
هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەک دەکات کە
لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت."
ئەم هەڵوێستەی
واشنتن دوای لێدوانەکانی ڕۆژی هەینیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا
پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سەپاندنی
دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرتاسەری عێراق، ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت، بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵی و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاند.
ناکۆکییەکانی
نێوان بەغدا و هەولێر سێشەممەی ڕابردوو توندتر بوون، دوای ئەوەی زەیدی زنجیرەیەک
بڕیاری دەرکرد. بڕیارەکان ڕادەستکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی
کوردستان بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و قۆرخکردنی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوت و
بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەخۆ دەگرت.
هاوکات
بڕیارەکان ئەوەشیان تێدا بوو، وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگە
نەوتییانە بگرێتە دەست کە سەر بە وەزارەتەکەن و لە ڕووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی
هەرێمدان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە.
AM:10:07:28/11/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت