مژدە مەحمود: ئەو زەیدییەی پارتی وەک دوژمن وێنای دەکات، سبەی بێتە هەولێر لە پیرمامەوە تا فڕۆکەخانە پێشوازیی لێ دەکەن

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

مژدە مەحمود رەخنە لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، ئەو حزبە لە کاتێکدا عەلی زەیدی وەک دوژمن وێنا دەکات، بەڵام مامەڵە لەگەڵ سەرۆک کۆمار ناکات و ئامادە نییە سەردانی سلێمانی بکات.

مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لە نووسینێکدا رەخنەی لە هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گرتووە و پرسیویەتی: چۆن دەزانیت کوردایەتییەکەی پارتی درۆیە؟ هەر ئەو زەیدییەی ئەمڕۆ پارتی وەک دوژمنی کورد وێنای دەکات، سبەی سەردانی هەولێر بکات، لە پیرمامەوە تا فڕۆکەخانە بەپێوە پێشوازیی لێ دەکەن، بەڵام لە سێ سەرۆکایەتییەکە بەس سەرۆک کۆمار کوردە مامەڵەی لەگەڵ ناکەن.

مژدە مەحمود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کارکردنی کەناڵەکانی راگەیاندن لە هەولێر کردووە و بە وتەی ئەو، هەموو کەناڵە ئاسمانییە عەرەبییەکان، تەنانەت ئەوانەشی دژایەتیی کورد و دۆزی کورد دەکەن، لە هەولێر ئۆفیس و نووسینگەیان هەیە و کار دەکەن، بەڵام رێگە نادەن کەناڵی (NRT) کە کەناڵێکی کوردییە لە هەولێر ئۆفیسی هەبێت و کار بکات.

ناوبراو هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی پارتی لە کەرکووک گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو حزبە لە کەرکووک دژایەتیی پارێزگارە کوردەکەی کردووە، بایکۆتی کردووە، دەنگی پێ نەداوە و مامەڵەی لەگەڵ نەکردووە، بەڵام وەک خۆی نووسیویەتی "بۆ تورکمان بە چەپکە گوڵێکەوە دەنگی پێدا."

لە تەوەرێکی دیکەی نووسینەکەیدا، مژدە مەحمود دەڵێت: کوڕ و برازای بارزانی ئامادەن لە مانگێکدا دوو سێ جار سەردانی بەغدا بکەن و بانگهێشتی ئەو کەسانە بۆ هەولێر بکەن کە پارتی خۆی دەڵێت دژی کوردن، بەڵام ئامادە نین سەردانێکی سلێمانی بکەن، تەنانەت ئەگەر بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی خۆشیان بێت.

مژدە مەحمود لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕایگەیاند، باسی ئەوە ناکەین ١٠ ساڵە بەسەدان ملیۆن بەرمیلیان نەوت فرۆشتووەو دزیوەو تەنانەت یەک بەرمیل یەک دەبە نەوتیان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەداوە.. هەزار شتی تر هەیە بۆتان بژمێرم.


PM:02:03:27/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت