فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان دەکات

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشوازیی لە دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد و جەختی کردەوە، پێویستە دەستوور ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان و زامنکردنی مافی سەرجەم عێراقییەکان، بەتایبەتی گەلی کورد.

فراکسیۆنی یەکێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، پشتیوانیی دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان دەکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جارێکی دیکەش جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی کە دەستوور ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان و زامنکردنی مافەکانی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق، بەتایبەتی گەلی کورد کە لە رابردوودا قوربانیداوە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو عێراقییەکان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕوایان وایە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش زامنی یەکپارچەیی عێراقە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش، هاوکات پشتگیریی خۆشیان بۆ هەر هەنگاوێک راگەیاندووە کە ببێتە هۆی پاراستنی شەفافیەتی داهاتەکانی عێراق، بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی وڵات.

رۆژی چوارشەممە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، بە دەستپێشخەریی فایەق زێدان، رۆژی یەکی کانوونی یەکەم گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.



PM:11:55:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو