عەلی زەیدی: هیچ پاشەکشەیەک نییە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دەڵێت، کورد بەشێکی ڕەسەنی گەلی عێراقه‌ و پەرۆشە بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، بە هەمان ئەو ئەندازەیەی کە پەرۆشە بۆ مافی سەرجەم رۆڵەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ده‌شڵێت، "هیچ پاشەکشەیەک لە ڕێڕەوی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیدا نییە، لەپاڵ گرتنەبەری رێکاری توند بۆ ڕێگریکردن لە قاچاغچێتی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا".

نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە باڵیۆزانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق كردوه‌ و لە دیدارەکەدا، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئاسۆکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێناندا تاوتوێ کران، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە ڕوداوەکانی ناوچەکە و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق.

زه‌یدی باسی له‌وه‌كردووه‌، حکومەته‌كه‌ی کار دەکات بۆ بنیادنانی ناسنامەیەکی ئابوریی نوێ بۆ عێراق، کە پشت بە چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و رەخساندنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان دەبەستێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دەستکراوە بە گرتنەبەری ڕێکاری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە و جەختی کردەوە کە "هیچ پاشەکشەیەک لە ڕێڕەوی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیدا نییە، هەروەها ڕێگە بە بونی هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستور و یاسا نادرێت، لەپاڵ گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ ڕێگریکردن لە قاچاغچێتی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا و پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەمو عێراقییەکان".

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، زەیدی جەختی کردەوە کە "کورد بەشێکی ڕەسەنی گەلی عێراق پێکدەهێنێت و حکومەتی فیدڕاڵی پەرۆشە بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، بە هەمان ئەو ئەندازەیەی کە پەرۆشە بۆ مافی سەرجەم ڕۆڵەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

عه‌لی زه‌یدی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جەختیان لە بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵی کردووەتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی سنورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، لە ڕێگەی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان و سوپای عێراقەوە، سەرەڕای بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە، بەپێی ئەوەی لە دەستوردا هاتووە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران روونیكرده‌وه‌، "ئامانجی حکومەت بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێزی هاوڵاتیبونە، کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان، هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی دەرەوە، یەکسانیی ماف و ئەرکەکان، و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ هاووڵاتیان لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا دامەزرابێت".


PM:03:41:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو