مامۆستایەکی ئاینی بۆ وێستگەنیوز: ناکۆکیی ناوخۆیی دوژمنانی بەهێز کردووە و دەبێت سیاسییەکان لە خەڵک تێبگەن
وێستگەنیوز- بابان عومەر
مامۆستا خدر بەرگارەی، مامۆستای ئایینی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری وێستگەنیوز لەدهۆک رایگەیاند، یەکڕیزی و یەکدەستی بۆ هەر وڵات و ماڵ و کەسێک زۆر گرنگە، هاوکات جەختی کردەوە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ماوەی 2 ساڵی رابردووی کورد، دوژمنانی بەهێز کردووە و دۆستەکانیشی لەگەڵماندا سارد کردووەتەوە.
لەبارەی (کونفرانسی رێکخراوانی ناحکومی لەسەر کێشەکانی عێراق و هەرێم)، کە ئەمڕۆ بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکان لەدهۆک بەڕێوەچوو، مامۆستا خدر بەرگارەی ئاماژەی بەوە کرد، بە بۆچوونی ئەو دەبوایە ئەو بابەتانە تەنیا بۆ ئەم نوخبەیە نەوترایە، بەڵکو ئاراستەی نوخبەیەکی گەورەتر و بەتایبەتی نوخبەی سیاسی بکرایە و باسی مەترسیی یەکنەگرتن و ئەو هێرشانە بکرایە کە بەهۆی یەکنەگرتنەوە دەکرێنە سەر کورد.
ئەو مامۆستا ئایینییە مێژووی بە بیرهێنایەوە و ئەوەی خستە روو کە زۆر جار کاتێک برا و برا یان ئامۆزا و ئامۆزا لە میرنشینێکدا یەک نەبوون، دوژمن دەرفەتی هێناوە و میرنشینەکەی لە بن هێناوە، یان پشتیوانیی یەکێکیانی کردووە تا ئەوی دیکە بکوژێت و دواتر ئەوی دووەمیشی کوشتووە، لە ئەنجامیشدا هەردووکیان کوژراون و میرنشینەکەش تێکچووە.
هەروەها روونی کردەوە کە ناکۆکییەکانی کورد لە ماوەی ئەم 2 ساڵەدا دەرفەتی داوەتە هەموو کەسێک و دوژمنانی بەهێز کردووە و دۆستانی سارد کردووەتەوە، وتیشی، ئەو دۆخە کاریگەرییەکی هزریشی لەسەر نەوەی گەنجی کوردستان هەبووە؛ ئەو گەنجانەی ئینتیمای نیشتمانی و کوردایەتییان هەیە و دەیانەوێت خۆیان و خێزانەکانیان وڵاتپارێز بن، کاتێک لە ئاستێکی باڵادا سستی و یەکنەگرتن و دەستنەگرتنی یەکتر دەبینن، ئەوانیش خاو بوونەتەوە و سست بوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مامۆستا خدر بەرگارەی ئاماژەی بە دەرکردنی بەیاننامە هاوبەشەکەی 2 رۆژ لەمەوبەری نێوان هەردوو لایەنی سیاسیی بەهێزی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر لە هەر پارچەیەکی کوردستان و لە هەر کوێیەکی جیهاندا بێت، جێگەی دڵخۆشی بووە. سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆش وتی، خەڵکەکەمان لە هەموو شوێن و ناوچەکاندا بە گەرموگوڕییەوە هاتوونەتە سەر شەقام، بەرامبەر ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی لەسەر کوردستان و خەڵکی کوردستان و دەماری ژیانمان دەدرێن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ وێستگەنیوز، داوای لە سیاسییەکان کرد کەمێک تێبگەن، بیر بکەنەوە و ناخی خەڵک بخوێننەوە؛ جەختیشی کردەوە کە خەڵکی کوردستان زۆر کوردپەروەرن و وڵات و خاک و نەتەوە و ژیانی خۆیان خۆشدەوێت، بۆیە دەبێت سیاسییەکان بەم شێوەیە لێیان تێبگەن، ژیانیان بۆ خۆش بکەن و وا نەکەن دوژمن بەسەریاندا زاڵ ببێت.
PM:03:29:26/11/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت