ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، لە هەولێر و ژمارەیەک شار و شارۆچکەی دیکەی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ چالاکیی هاوشێوە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی بەرفراوان دژی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.


لە شاری هەولێر، بڕیارە کاتژمێر 10:30ی بەیانیی ئەمڕۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی سەرەکی لە باخی شار لە نزیک قەڵای هەولێر بکرێت. بەو بۆنەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا بانگەوازێکی نیشتمانیی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، یەکدەنگی و هەڵوێستی مەردانە و دڵسۆزانە هەیە.

پارێزگاری هەولێر داوای لە فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ئافرەتان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە، بە شێوەیەکی هێمنانە و بەشدارییەکی فراوان و کارا، پەیامێکی روون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەننە جیهان.

لە رێنماییەکانی پارێزگاری هەولێردا جەخت لەوە کراوەتەوە کە خۆپیشاندانەکە دوورە لە لایەنداریی حزبی و تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە، هاوکات بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حزبی یان تایبەت رێگەپێدراو نییە. سەبارەت بە دەوامی فەرمییش روون کراوەتەوە، ئەمڕۆ پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان بۆ راییکردنی کاروباری هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوەتە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن تا ئاسانکاری بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ بەشداریکردن لەو هەڵوێستە نیشتمانییەدا.

هاوکات لەگەڵ پایتەخت، بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش چالاکیی ناڕەزایەتی و رێپێوانی جەماوەری دژی بڕیارەکانی بەغدا بەڕێوەدەچن؛ لە دهۆک کاتژمێر 10:00ی بەیانی قوتابیان و لاوان لە بەردەم دەرگای زانکۆی دهۆک کۆدەبنەوە و لە هەمان کاتدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش قوتابیان و لاوان لە پارکی شەهیدان گرد دەبنەوە. هەروەها لە ئاکرێ کاتژمێر 10:00ی بەیانی رێپێوانێکی ناڕەزایەتی لە ترافیکی قەڵاوە تا گۆڕەپانی کانی مام کروکا دەست پێ دەکات و لە ناحیەی دێرەلۆکیش کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ قوتابیان، لاوان و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە لە سەنتەری ناحیەکە کۆدەبنەوە.

لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەدەچن. لە سنە، کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 هاووڵاتییانی شارەکە بانگەوازێکیان بۆ بڵاوکردبووەوە، بڕیارە کاتژمێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی فیردەوسی شارەکە لە ژێر دروشمی "باشوور تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە؛ یەکگرتوویی ئێمە سنوور ناناسێت" بێنە سەر شەقام.

هاووڵاتییانی سنە لە بانگەوازەکەیاندا رایانگەیاندووە، لە بەرانبەر هەڕەشە و هێرشە ناڕەواکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان دێنە سەر شەقام، تا دەنگی یەکگرتوویی و پاڵپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان بگەیەننە جیهان و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئاسایش، ئازادی و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان رابگەیەنن.

ئەم چالاکییانە لە کاتێکدان، رۆژی سێشەممە حکومەتی عێراق چەند هەنگاوێکی کارگێڕی، ئەمنی و تەکنیکیی لەبارەی مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت، دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و داخستنی دەروازە نافەرمی و رێگە لاوەکییەکان گرتەبەر کە بەشێک لە بڕیارەکان پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەبووە؛ لە بەرانبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە تەواوی بڕیارەکانیان رەت کردەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی دەستوور کردووەتەوە.


AM:08:37:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو