شارەزایەکی کەشناسی بۆ وێستگەنیوز: سەرما دێت، بەرگی گەرم بپۆشن

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، دوای ماوەیەک لە کەشێکی وشک و سەقامگیر، لە 28ـی تشرینی دووەمەوە تاوەکو 5ـی کانوونی یەکەم، عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەفر و بارانەوە، هاوکات هۆشداریی دابەزینی پلەکانی گەرما و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سەرەتای مانگی 12ـدا دەدات.


سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، ماوەیەکی درێژە هەرێمی کوردستان بە کەشێکی وشک و کەمباراندا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو سەقامگیرییە لە نزیک کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا کۆتایی دێت و شەپۆلێکی باشی بەفر و باران روو لە ناوچەکە دەکات.

سەبارەت بە سەرچاوەی شەپۆلەکە، ئەو کەشناسە روونی کردووەتەوە، شێی ئەم شەپۆلە لە دوو رێڕەوەوە سەرچاوە دەگرێت؛ یەکەمیان لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە دێت کە شێی گەرم و شێداری تێدا کۆدەبێتەوە، دووەمیان لە زەریای ئەتڵەسییەوە بەسەر کیشوەری ئەفریقادا تێدەپەڕێت و لە ناوچەی دەریای سووردا لەگەڵ شێی ئەو ناوچەیە تێکەڵ دەبێت، دواتر بەرەو ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوات و لە ئەنجامی یەکگرتنی لەگەڵ بارستە هەوای ساردی باکووردا، هەوری چڕ و بارانبارینی بەخوڕ دروست دەکات.

بە وتەی سالار حاجی عەلی، لە 28ـی تشرینی دووەمەوە ئاسمانی عێراق و هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلەکەوە و سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی دهۆک و شاری هەولێر دەردەکەوێت، پاشان لە رۆژی 29ـی مانگدا کاریگەرییەکەی فراوانتر دەبێت بۆ شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک، بە جۆرێک لە ناوچە سنووری و شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت و لە شارەکان و ناوچە نزمەکانیش باران دەبارێت.

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە شەپۆلەکە بۆ چەند رۆژێک لاواز دەبێت، بەڵام لە سەرەتای مانگی 12ـدا دووبارە چالاک دەبێتەوە و دەگاتە لوتکە، لەو ماوەیەشدا ئاستی بارانبارین زۆر چالاک دەبێت و لە هەندێک ناوچە لافاو دروست دەبێت، پلەکانی گەرماش زیاتر روو لە دابەزین دەکەن و ئەگەر بارستە هەوا ساردەکە زیاتر دابەزێت، بەفربارین لە ناوچە سنووری و شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.

جەختی لەوەش کردووەتەوە کە کاریگەریی شەپۆلەکە و زۆرترین رێژەی باران لە ناوچە سنوورییەکانی هەولێر و بەشێک لە شاری سلێمانیدا دەبێت.


AM:11:47:25/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو