نێچیرڤان بارزانی: هەر جۆرە زمانێکی سەربازی بەرامبەر هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە گوێمان لە راگەیەندراوەکەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گرت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە هەموو شێوەیەک هەر جۆرە زمانێکی سەربازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئەزموون سەلماندوویەتی ئەم شێوازە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی نە عێراق و نە هیچ لایەنێکی دیکەدا نییە.

دەشڵێت، هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور، پشتیوانی لە پاراستنی سامانی نیشتمانی و سەروەریی یاسا دەکات، وتیشی، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە پێگە و مافە دەستوورییەکانی هەرێم و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێکتێگەیشتن بێت.

وتیشی، لەم قۆناغە هەستیارەدا جەخت لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانی دەکەینەوە و داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین بە دانایی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن، چونکە هێز و سەقامگیریی هەرێم، هێز و سەقامگیریی عێراقە و رێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵیزم زامنی داهاتووی هاوبەشە.


PM:09:14:24/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو