بزوتنەوەی گۆڕان: بڕیارەکانی عەلی زەیدی لەسەر هەرێمی کوردستان پێچەوانەی بنەماکانی فیدڕاڵییە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەمڕۆ 24ی 11ی 2026، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربارەی دەروازە سنوورییەکان و کەرتی نەوتی هەرێم خستە روو.


بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "بڕیارەکانی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدڕاڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وێڕای پشتیوانیکردنی تەواو لە بنبڕکردنی دیاردەی قاچاخچێتی، چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام جەخت کراوەتەوە کە نابێت چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا.

بزووتنەوەی گۆڕان داواشی لە حکومەتی فیدڕاڵ کردووە کە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە جۆرێک دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی دانپێدانراو، بەتایبەت لە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و نەوت و گازدا، بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا.
هاوکات هەنگاوەکانی بەغدا بە زەنگێکی مەترسیدار وەسف کراون کە ئەو راستییە دەسەلمێنن پەرتەوازەیی ناوخۆیی، لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست، پێگەی هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە و دەرفەتیان بۆ پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکان رەخساندووە، ئاماژە بەوەش دراوە کە مێژوو سەلماندوویەتی هەر کاتێک ناوماڵی کوردستان پەرتەوازە بووبێت، مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کەوتوونەتە بەر مەترسی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بزووتنەوەی گۆڕان پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانی لەم قۆناغەدا بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ناوبردووە و بانگەوازێکی نیشتمانیی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووە بە زووترین کات کۆ ببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن، لەپێناو داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بەهێزکردنی پشتیوانیی جەماوەری و ئاشتکردنەوەی خەڵکی کوردستان، تا بە یەک گوتار و هەڵوێستێکی بەهێزەوە داکۆکی لە ئیرادەی سیاسی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.


PM:05:07:24/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو