عەلی حەمەساڵح لە وێستگەنیوزەوە: بەغدا کارتێکی یاسایی لە دادگا هەیە و هەر کاتێک دەتوانێت دژی کوردستان بەکاری بهێنێت
وێستگەنیوز- بابان عومەر
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "زیاتر لە پرسیار"ـی وێستگەنیوز، مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانی لەلایەن عێراقەوە خستەروو و رایگەیاند، بەغدا کارتێکی یاسایی لە دادگا بەدەستەوەیە کە لە هەر ساتێکدا بێت دەتوانێت بڕیاری لەسەر دەربکات.
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست روونیکردەوە، "هەرێمی کوردستان 3 شتی سەرەکی هەیە کە ئەوانیش نەوت و غاز و کارەبان و ئەو 3 شتەش لە 2 شوێن بەرهەم دەهێنرێن کە کۆرمۆر و خورمەڵەن، بەڵام عێراق سکاڵای لە دادگا تۆمار کردووە و دەڵێت ئەو 2 شوێنە سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوورن".
وتیشی: "ئەوان لە هەر ساتێکدا بیانەوێت دەتوانن بڕیاری دادگا دەربکەن، ئەگەر بەیانی یان دوو بەیانی ئەو بڕیارە درا هەرێم چی دەکات؟ ئایا رووبەڕووی دەبێتەوە و شەڕ دەکات؟".
سەبارەت بە دۆخی گشتیی هەرێم، عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان ئێستا بەراورد بە دوای ساڵی 2003 لە لاوازترین قۆناغی خۆیدایە و بابەتەکان زۆر کەڵەکە بوون، وتیشی: "دوایین جار ئەوەی پارتی دەستی بۆ برد کارێکی زۆر خراپ و هەڵەیەکی سیاسیی بێپێشینە بوو، ئێستا هەرێم لەنێوان 100 کەمتەرخەمیدا دەژی".
لەبارەی وەستانی کارەکانی کۆمپانیای دانە غاز، باسی لەوە کرد کە کۆمپانیاکە دەتوانێت دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەڵام کارمەندەکانیشی ئیزن داوە، وتیشی: "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان هەبوایە وەزیری سامانە سرووشتییەکان و بریکارەکەی بانگهێشت دەکرد و بە شێوەی مەیدانی دەچووە سەر شوێنەکە".
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست پرسی دروستکردنی هەرێمێکی دیکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، جارێکی دیکە لە عێراقدا زەمینەی دروستکردنی هەرێمێکی دیکە نییە، چونکە بەغدا هەرێم دروست ناکات و سبەینێ بەسڕە و ئەنبار داوای دەکەن. ئەو جەختی لە پێویستیی لامەرکەزی بۆ سلێمانی و دهۆک کردەوە، بەڵام نەک چاوەڕێ بکرێت لە بەغداوە هەرێم لەت بکرێت و ببێتە 2 هەرێم.
هەروەها داوای لە یەکێتی کرد نموونەی حوکمڕانیی جوانتر لە ناوچەکە پێشکەش بکات و قاچاخ لە مەرزەکاندا نەهێڵێت.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و سووتەمەنی، عەلی حەمەساڵح بە یەکێک لە پرسە هەرە هەستیار و پڕ گەندەڵییەکانی هەرێمی ناوبرد و وتی: "بە پلەی یەکەم لە سنووری پارتییەوە گازوایل دەچێتە دەرەوە و لە سنووری یەکێتیشەوە بەنزین و نەوتی رەش دەچێتە دەرەوە، لە هەرێمدا 4 شوێن گازوایلی باشیان هەیە ئەوانیش؛ دوکان، بازیان (قەیوان)، کار و لانازن، بازیان بۆ عێراق کار دەکات، گازوایلی دوکان دەفرۆشرێت بە لاناز و لانازیش گازوایلەکەی خۆی و هی کاریش هەمووی دەباتە دەرەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی گازوایل".
لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداریی دایە یەکێتی و پارتی و رایگەیاند، بەردەوامبوونیان بەم فۆرمەی ئێستا وەک ئەو میرنشینە وایە کە لە دەرەوە پیلان بۆ لەناوبردنی هەیە، کەچی ئەمان لێرە شەڕیانە لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسی پاسەوانیی کۆشک بێت لەکاتێکدا دەسەڵاتیان بەسەر دەرگای پێشەوە و پشتەوەی کۆشکدا هەیە، وتیشی: "ئەوەی یەکێتی و پارتی دەیکەن لە کۆکردنەوەی پارە و ئاڵتوون و سەروەت و سامان و باج و سەرانە، لەوە دەچێت کە خەلیفە موستەعسەم بیلا خەلیفەی عەباسی کردی و خەریکی ئەو شتانە بوو تاکو مەغۆل هاتنە سەری".
PM:03:26:24/11/2026
ئهم بابهته 20
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت