ئاوات شێخ جەناب: بەغدا نیوەی بودجەی خانەنشینی بڕیوە و هیچ بودجەیەکی بۆ دامەزراندن دانەناوە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو ئاشکرایکرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتکردووەتەوە و هێشتا بە یاسایی وەزیری داراییە، جەختیشیکردەوە لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمدا ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی و تەنانەت وەکو پێشمەرگە چەک بکاتە شان.
سەبارەت بە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، ئاوات شێخ جەناب زەنگی مەترسی لێدا و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەموو داواکارییەکان و لیستی دامەزراندنیان بە کۆنووس رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی تەنانەت بۆ دامەزراندنی 1 کەسیش دانەناوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2025دا 3 تریلیۆن و 190 ملیار دیناریان بۆ خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی خەرجکردبوو و داوای 3 تریلیۆن و 800 ملیار دیناریان کردبوو، بەڵام بەغدا بۆ ساڵی 2027 تەنیا 2 تریلیۆن دیناری داناوە، واتە 50%ی بڕیوە و بەوەش خانەنشینان تەنیا 6 مووچەیان بەردەکەوێت، هاوکات پاداشتی خانەنشینیشی هەژمار نەکردووە.
وەزیری دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، خەرجیی بەگەڕخستن لە 1 تریلیۆن و 150 ملیار دینارەوە بۆ 600 ملیار دینار کەمکراوەتەوە، کە ئەمەش بە مەبەستی پەکخستنی حکومەتی هەرێمە و کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمیش بڕیارێکی سیاسی و بەرنامە بۆ داڕێژراوە.
ئاوات شێخ جەناب هۆشداریدا، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا زۆر خراپتر دەبن، داواشی لە پارتی و یەکێتی کرد ناکۆکییەکان وەلا بنێن، سازش بۆ یەکدی بکەن و دژی دووئیدارەیی یەکڕیز بن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بژێویی خەڵک.
AM:10:18:24/11/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت