یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: بۆ دەرچوون لەم دۆخە چەقبەستووە چەند هەنگاوێكی كردەیی دەنێین

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان داوا له‌یه‌كێتی و پارتی ده‌كات، به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و چیتر هاوڵاتیانی كوردستان نه‌كه‌نه‌ قوربانی ململانێ حزبییه‌كانیان.

به‌گوێره‌ی به‌لاغی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌شاری سلێمانی کۆبوونەوە‌، کۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجامدرا و تیایدا به‌شێكی زۆری كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت كرا به‌ ئه‌و بارودۆخه‌ چه‌ق به‌ستوییه‌ی سیاسیه‌ی كه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ  هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و پڕ له‌ قه‌یرانی سیاسی، ئابوری و كارگێڕیدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ بوه‌ته‌ هۆی سه‌ختبونی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و لاوازبونی متمانه‌ به‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی، وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و ئه‌خلاقی، له‌ قۆناغه‌كانی ڕابردودا چه‌ندین هه‌نگاوی كرده‌یی و ده‌ستپێشخه‌ریمان خستوه‌ته‌ ڕو؛ هه‌ر له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ی چاكسازی و هه‌وڵدان بۆ یه‌كڕیزی نیشتمانی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كان، تا ده‌گاته‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنبون، وه‌ك هه‌ڵوێستێكی مه‌بده‌ئی دژی گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاری و بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئیراده‌ی گه‌ل. به‌داخه‌وه‌ له‌ بری به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی ئه‌و هه‌نگاوه‌ دڵسۆزانه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتداران به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و درێژه‌دان به‌ قه‌یرانه‌كان".

ئاماژە بەوەشکراوە، "له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌:

یه‌كه‌م: به‌رپرسیارێتی مێژویی و یاسایی: هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) به‌رپرسیاری یه‌كه‌م و سه‌ره‌كین له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستویی سیاسی و ئه‌گه‌ری له‌تبونی هه‌رێم و لاوازكردنی زیاتری پێگه‌ سیاسیه‌كه‌ی و ده‌رهاویشته‌ خراپه‌كانی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و په‌كخستنی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كان، چونكه‌ جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حوكمڕانی و داهاتی ئه‌م وڵاته‌ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌واندایه‌.

دووه‌م: كۆتاییهێنان به‌ قۆرخكاری: پێویسته‌ چیتر به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی نه‌خرێته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هاوڵاتیان، و هه‌نگاوی جدی بنرێت بۆ شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ له‌ سیسته‌می حوكمڕانیدا. پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و شكۆی هاوڵاتیه‌كانی له‌سه‌روی هه‌مو شتێكه‌وه‌ بێت.

سێیه‌م: پشتگیریكردنی داوا ڕه‌واكان: یه‌كگرتو وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌ ماف و داوا ڕه‌واكانی موچه‌خۆران و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و پشتیوانی هه‌مو خه‌باتێكی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ ده‌كات.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی داواشی له‌ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات كردوه‌، به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و چیتر هاوڵاتیانی كوردستان نه‌كه‌نه‌ قوربانی ململانێ حزبییه‌كانیان، چونكه‌ مێژو و گه‌ل ڕه‌حم به‌ كه‌س ناكه‌ن، بۆیه‌  مه‌كته‌بی سیاسی بریاری وه‌رگرت بۆ ده‌رچون له‌م بارودۆخه‌ چه‌قبه‌ستویه‌ی كه‌ هه‌یه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی بنێت.


PM:06:31:23/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو