پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم بانگهێشت دەکات

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە میوانداریی هەریەک لە وەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ راپۆرت و دەنگۆکان لەو بارەیەوە.


تەها دەفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی و ئەندامی لیژنەی کاتیی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە: "لیژنەکەمان رۆژی پێنجشەممە میوانداریی وەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات".

دەفاعی روونیشیکردووەتەوە، ئامانج لەم میوانداریکردنە ئاگاداربوون و بەدواداچوونە لەسەر پرۆسەکانی "بەقاچاخبردنی نەوت لە سنوورەکانی کەرکووک و ناوچەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک"، ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەم هەنگاوە لە پێناو تەواوکردنی راسپاردەکانی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکەیاندایە تایبەت بەو دۆسیەیە.

ئەو لیژنە کاتییەی پەرلەمانی عێراق بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ی تشرینی دووەمی 2026، لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری پێکهێنانی دراوە و لە سەرۆکانی 7 لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان پێکهاتووە، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.

بەپێی فەرمانی پێکهێنانەکە، ئەرکی لیژنەکە بریتییە لە بەدواداچوون بۆ راپۆرتی تەکنیکی و هەواڵگریی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناوچەی جورف سەخر "جورف نەسر"، لەگەڵ زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت بۆ دەرەوە، بەتایبەتی ئەفغانستان، هاوکات لێکۆڵینەوە لەو هێرش و بەئامانجگرتنانەی کراونەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.


PM:02:08:23/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت