قالیباف داوای دەرچوون لە دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی دەکات
وێستگەنیوز- بابان عومەر
محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی لە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا دا و داوای کرد لە دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی دەربچن، جەختیشی کردەوە کە گەیشتن بە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام رێگەی دوورخستنەوەی مەترسیی جەنگە لە وڵاتەکەی.
رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2026، قالیباف رەخنەی لە بەسیاسیکردنی گفتوگۆکان لەبارەی بژاردەکانی ئێرانەوە گرت، کە تێیدا ئەوەی باسی دانوستان دەکات بە سستی و پاشەکشە تۆمەتبار دەکرێت و ئەوەشی باسی جەنگ دەکات بە جەنگخواز و دوور لە لۆژیک ناودەبرێت، پێشیوابوو بەردەوامبوونی ئەو مشتومڕە هیچ دەرچەیەک لە دۆخی ئێستادا ناڕەخسێنێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی، تەنها یەک رێگەیان لە پێشە، ئەویش دوورخستنەوەی هەڕەشە و لابردنی سێبەری جەنگە لەسەر خۆیان، روونیشیکردەوە کە ئەوە تەنها بە گەیشتن بە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام دێتە دی.
قالیباف باسی لەوەش کرد، ئەوەی بە دوژمن ناوی برد، ئێستا تێگەیشتووە کە هەڵگیرساندنی جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی 40 رۆژە ئامانجەکانی ناهێنێتە دی، بۆیە رووی لە دابڕاندنی ئابووری و رێکاری دیکە کردووە. هاوکات نەیارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرنجیان لەسەر تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکە چڕ کردووەتەوە و رایگەیاند، کاری لەپێشینەیان بووەتە هەوڵدان بۆ رووخانی سیستەم لە ناوەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ئابووری، قالیباف چاکسازیی کەرتی وزەی بە بەپەلەترین دۆسیە ناوبرد و داوای کرد پێشینە بدرێتە کەرتی گاز و چارەسەرکردنی دۆسیەی بەنزین دوابخرێت.
بەگوێرەی ئەو ژمارانەی ناوبراو خستوونیەتە روو، بەنزین 9%ی کۆی وزە پێکدەهێنێت بەرامبەر بە 73% بۆ گاز، ئاماژەی بەوەش کرد کە گرنگیدان بە گاز دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاوڵاتییان و حکومەت و بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی.
PM:04:55:22/11/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت