زانیاری نوێ لەسەر مووچەی مانگی 11 و 12؛ پێش کۆتایی ساڵ دوو مووچە دەدرێتە فەرمانبەران؟

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

ئەمڕۆ یەکشەممە، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بۆ مانگی 10 ئامادە کرد و ڕەوانەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، هاوکات لەگەڵ لیستەکەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی 10 ڕادەست کرا و هەر ئەمڕۆ ڕێکارەکانی وردبینیکردن لەلایەن بەغداوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


بەپێی زانیارییەکان و لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق، دڵنیایی دراوە کە مووچەی مانگی 11 هیچ کێشە و گرفتێکی نییە و دەنێردرێت. 

تێکڕای شایستەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 957 بۆ 960 ملیار دینارە، کە بەغدا مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک پشکی داهاتی ناوخۆی هەرێم لە کۆی گشتیی شایستەی مووچە دەبڕێت و باقی پارەکە ڕەوانەی هەرێم دەکات.

بۆ مسۆگەرکردنی ناردنی مووچە بەبێ دواکەوتن، وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە لیستەکان بە هەمان ناو و ژمارەی پەسەندکراو بن و دوور بن لە گۆڕانکاری و زیادکردنی نافەرمی، لەگەڵ ناردنی ڕاپۆرتی مانگانەی خەرجی و داهات لە کاتی خۆیدا و گەڕاندنەوەی بەشە داهاتی ناوخۆ بۆ گەنجینەی فیدراڵ.

سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە لە عێراق، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات؛ بە شێوەیەک بڕیارە دووسبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکرێت و دواتر وەزارەتە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان، بە هەمان شێوازی مانگی ڕابردوو لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی تەمویل زاتی پێشتر دەستی پێکردووە و ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی بووە، هەروەها فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و یەکە ژمێریارییەکانی دیوانی چاودێری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی مووچەیان وەرگرتووە.

بەپێی زانیارییەکان، نەک تەنها مووچەی مانگی 11، بەڵکو مووچەی مانگی داهاتووش واتە مانگی کانوونی یەکەم (مانگی 12) بێ کێشەیە و دەنێردرێت. 

ئەگەر ڕێکارەکان بۆ مانگی 12 زوو دەستپێبکەن — هاوشێوەی مانگی 11 کە هەر لە ڕۆژی یەکشەممەوە لیست و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ڕەوانە کران و وردبینی دەستی پێکرد — و پابەندییەکانی ناردنی لیست و ڕاپۆرت و گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆ لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێن، دەرفەتی خێراتر تەواوبوونی وردبینی و ناردنی پارەکە زیاتر دەبێت، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 پێش ساڵی نوێ پشت بە خێرایی ڕێکارەکانی هەردوولا و خشتەی دابەشکردنەوە دەبەستێت.


PM:02:54:22/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت