پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار داوای گواستنەوەی کەیسەکە بۆ دەرەوەی سلێمانی دەکەن
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
تیمی پارێزەرانی بەرگری لە ڕاگیراوانی دۆسیەی لالەزار ڕایانگەیاند، سەرەڕای پێشکەشکردنی تانەی تەمیزی لە ڕێکەوتی 8/11/2026ـدا هێشتا دۆسیەکە نەنێردراوەتە دادگای تەمیز، دەشڵێن لە ئەمڕۆوە بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی گیانی گیراوان دەخەنە ئەستۆی دادگاکانی سلێمانی و داوای گواستنەوەی کەیسەکە بۆ پارێزگایەکی تر دەکەن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دۆسیەی ڕاگیراوانی لالەزار بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد، سەرەڕای نەبوونی بەڵگە و پێشکەشکردنی تانەی تەمیزی لە 8/11/2026ـدا، هێشتا دۆسیەکە بە هۆکاری ڕێگری و دەستوەردانی حیزبی نەنێردراوە بۆ دادگای تەمیزی هەرێم.
هەروەها ڕایانگەیاند، 3 لە حوکمدراوان تانەیان نەداوە و بڕیارەکە بەپێی یاسا پلەی کۆتایی وەرگرتووە، بەڵام دادگا ئامادە نییە پلەی کۆتایی لەسەر بڕیارەکە بنووسێت تا بتوانن لە مافی ئازادکردنی مەرجدار سوودمەند بن.
تیمەکە جەختی کردەوە کە لە ئەمڕۆوە هەموو دەستگیرکراوەکانی لالەزار بە بارمتەی دەستی حزب دادەنێن و بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی گیانیان دەخەنە ئەستۆی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2.
تیمی پارێزەران ئاشکرایان کرد، جگە لە 3 تۆمەتبار، سەرجەم تۆمەتبارەکانی تر لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا بوون و تەنانەت دوای 14 مانگ لە دەستگیرکردن ئاسەواری لێدان و برین بە جەستەیانەوە دیار بووە، لە بەردەم دادوەریشدا وتە پێشوەختەکانی قۆناغی لێکۆڵینەوەیان ڕەت کردووەتەوە؛ بەڵام بە وتەی پارێزەران، دادگا داواکارییەکانیانی بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ لیژنەی پزیشکیی تایبەتمەند پشتگوێ خستووە و لە بەرامبەردا بایەخی بە بەڵگە لاوەکی و ساختە دروستکراوەکان داوە.
تیمی پارێزەران ڕاشیانگەیاند، کە بەپێی یاسا دەبێت تۆمەتباران لە گرتن و گواستنەوە ڕابگیرێن و حوکمدراوانیش بگوازرێنەوە بۆ چاکسازیی گەوران، بەڵام ڕاگیراوان لە زیندانە دابڕاوەکاندا هێڵراونەتەوە و تەنانەت دوای حوکمدانیش ڕێگری لە بینینی پارێزەرەکانیان دەکرێت
هاوکات پارێزەران ڕایانگەیاند، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا داواکاری و وەکالەتەکانیان لە لایەن ئاسایشەوە ون کراون و پشتگوێ خراون، بۆیە داوایان کردووە کەیسەکە لە سلێمانییەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەکی تری هەرێمی کوردستان تا دوور لە دەستوەردانی حیزبی دادگایی بکرێن.
AM:10:50:22/11/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت