قەحتان وەنداوی وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد
وێستگەنیوز- بابان عومەر
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2026، قەحتان وەهبی وەنداوی، دوای دەرچوونی مەرسوومی کۆماری و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بە فەرمی ئەرکی پارێزگاری کەرکوکی لە جێگەی محەمەد سەمعان وەرگرت.
وەنداوی بەپێی مادەی 29 لە یاسای هەموارکراوی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێندراوەکان، ژمارە 21ی ساڵی 2008، لەبەردەم دادوەر قاسم محەمەد سلێمان عەزاوی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد.
دەستبەکاربوونی فەرمیی پارێزگارە نوێیەکە لە کاتێکدایە، وەنداوی ماوەی چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە لە دادگا، کۆمەڵێک بڕیار و فەرمانی کارگێڕیی ئاراستەی دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە کردووە، لە نێویاندا فەرمانگەی شارەوانیی کەرکوک و کۆمپانیای نەوتی باکوور.
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی، قەحتان وەنداوی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پارێزگارێک نابم لە نووسینگەدا دابنیشم، لەنێو شەقام و کۆڵانەکاندا دەبم و پارێزگاری هەموو خەڵک دەبم".
رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە دانیشتنێکی نائاساییدا و بە دەنگی 14 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئامادەبوو، قەحتان وەنداوی وەک کاندیدی بەرەی تورکمانی بە پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
سەرباری دەستبەکاربوونی، بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا بۆ دەستاودەستکردنی پۆستەکان کراوە، مانەوەی وەنداوی لە پۆستی پارێزگاردا تەنها بۆ ماوەی مانگێک و 15 رۆژ دەبێت.
هەر بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا گۆڕانکاریی بەرفراوان لە زۆربەی پۆستە باڵا و کارگێڕییەکانی پارێزگاکەدا بکرێت؛ بە شێوەیەک پێکهاتەی عەرەب پۆستی پارێزگار و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێت، تورکمان جێگرێکی پارێزگار و قایمقامی ناوەندی وەردەگرێتەوە و کوردیش پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و فەرماندەی پۆلیس وەردەگرێت.
AM:10:15:22/11/2026
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت