زەیدی چەند بڕیارێکی نوێی بۆ دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی دەرکرد
وێستگەنیوز- ئارام
عەلی
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجوومەنی سەقامگیریی
دارایی و بانکە حکومییەکان، کۆمەڵێک بڕیار و رێکاری نوێی بۆ ئاسانکردنی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی (1520 دینار)، کەمکردنەوەی رۆتینی گومرگی و سەقامگیرکردنی نرخ لە بازاڕەکانی ناوخۆدا
دەرکرد.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی
فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی
ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی و بانکە حکومییەکانی کرد، کە تایبەت بوو بە
تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سیاسەتی نەختینەیی، پلانەکانی دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری
بانکە حکومییەکان و گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ جێگیرکردنی نرخ لە بازاڕدا.
لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی بانکە حکومییەکانی راسپارد رێکارە
کارگێڕی و هونەرییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ ئاسان بکەن، هەروەها
وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ ئاسانکاری لە وەرگرتنی باج و رسوماتی گومرگی لەسەر
کاڵا هاوردەکراوەکان، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری بۆ پێداچوونەوە بە پێناسی
گومرگیدا کە دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا راسپاردەکانیان تەواو بکەن.
هەر لە چوارچێوەی دابینکردنی دراوی بیانیدا، زەیدی بانکی
بازرگانیی عێراقی (TBI) راسپارد دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی
ناوەندی بفرۆشێت کە 1520 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، هاوکات داوای کرد
دیراسەی فراوانکردنی رۆڵی
بانکەکان بکرێت بۆ پڕکردنەوەی کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمی و تا ئاستی 100 هەزار دۆلاری مانگانە.
لە بەشێکی تری بڕیارەکاندا، سەرۆک وەزیران سەرجەم بانکە
حکومییەکانی ڕاسپارد ئاسانکاریی تەواو بکەن بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کۆمپانیا
و هاووڵاتیان، بە جۆرێک مامەڵەکان لە ماوەیەکدا تەواو بکرێن کە لە 24 کاتژمێر
تێپەڕ نەکات.
PM:05:29:21/11/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت