عەلی حەمەساڵح: عێراق سکاڵای بۆ وەرگرتنەوەی کۆرمۆر و خورمەڵە تۆمار کردووە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، عێراق لە دادگاکاندا سکاڵای بۆ وەرگرتنەوەی هەردوو کێڵگەی خورمەڵە و کۆرمۆر تۆمار کردووە، باسی لەوەشکرد، زیاتر لە هەفتەیەکە کێڵگەی کۆرمۆر توانای بەرهەمهێنانی غاز و کارەبای هەیە بەڵام داناغاز خۆی ڕایگرتووە.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، عێراق دۆسیەیەکی لەسەر هەردوو کێڵگەی خورمەڵە و کۆرمۆر ئامادە کردووە و لە دادگاکانی عێراقدا سکاڵا تۆمار کراوە بە پاساوی ئەوەی ئەو دوو کێڵگەیە سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوورن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: هەر کاتێک بیانەوێت، ئێستا بێت یان مانگێک یان سێ مانگی دیکە، ئەم دۆسیەیە لە دادگای عێراقدا یەکلایی دەکەنەوە و داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن ئەم دوو کێڵگەیە تەسلیم بکات.
جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان سێ شتی سەرەکیی هەیە (نەوت، غاز و کارەبا) کە هەرسێکیان لەم دوو کێڵگەیەدان، و وتی: تەسلیمکردنی ئەم دوو کێڵگەیە واتە لەدەستدانی کارەبا و غاز و نزیکەی 40%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی قەیرانی ئێستای غاز و کارەبا، عەلی حەمەساڵح وتی: لە 2 ڕۆژ دوای لێدان لە کێڵگەی غازی قادر کەرەمەوە (کۆرمۆر)، کێڵگەکە توانای بەرهەمهێنانی هەیە، بەڵام خۆی بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە و ئیزنی کارمەندەکانی داوە.
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایشیگەیاند، زیاتر لە هەفتەیەکە کۆمپانیای داناغاز دەتوانێت، ئەگەر 100%ـیش نەبێت، بڕێکی باش کارەبا و غازی ئێڵ پی جی (LPG) بەرهەم بهێنێت بەڵام ڕایگرتووە، وتیشی: ئەنجامی ئەمە ئەم بێغازی و بێکارەبایی و گرانبوونی کارەبا و موەلیدەیەیە، کە ئێستا ئەگەر ڕۆژی 700 تەن غاز لە عێراقەوە نەیەت، بوتڵێک غاز لە سلێمانی دەبێتە 50 هەزار دینار.
لە کۆتاییشدا وتی: ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم ئامادە نییە بە دێڕێک قسە لەسەر ئەم بابەتە بکات.
PM:03:29:21/11/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت