یانەی هەولێر: لە یاریگای دهۆک هێرش کرایە سەر ژووری جلگۆڕین و 3 کاتژمێر گەمارۆ دراین

‌

وێستگەنیوز-

یانەی وەرزشیی هەولێر ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە یاریگای دهۆک هێرش کراوەتە سەر شاند و یاریزانان و هاندەرانیان و بەهۆیەوە 3 ئەندامی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک هاندەر بریندار بوون، جەختیش دەکاتەوە کە ئەمڕۆ سکاڵای فەرمی تۆمار دەکات و یانەی دهۆک بە کەمتەرخەم دەزانێت.

ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، یانەی وەرزشیی هەولێر بەیاننامەیەکی ناڕەزایی لەبارەی ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی یاریی نێوان یانەکەیان و یانەی دهۆک لە گەڕی 14ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا، یانەی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە لە کاتی یارییەکە و دوای کۆتاییهاتنیشی لەسەر یاریگای دهۆک، لە لایەن بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی یاریگا، هاندەرانی یانەی دهۆک و بەشێک لە ڕێکخەرانی یارییەکەوە، هێرشێکی ناڕەوا، دڕندانە و ترسنۆکانەی بەرنامە بۆ داڕێژراو کراوەتە سەر هاندەران، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانانمان.

یانەکە ڕاشیگەیاندووە، شاندی یانەی هەولێر و هاندەرانیان بۆ ماوەی 3 کاتژمێر لە ناو یاریگادا گەمارۆ دراون و ڕێگەی دەرچوونیان لێ گیراوە، لەو ماوەیەشدا ژمارەیەک هاندەر دزەیان کردووەتە ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان؛ بە وتەی یانەی هەولێر، لە ئەنجامی ئەو پەلامارانەدا 3 ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بە سەختی بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە هاندەران بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

یانەی هەولێر دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆکی بە کەمتەرخەم ناوبردووە لەوەی هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و هاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە تەواوی ڕووداوەکان بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و تۆماری ڤیدیۆیی ڕوون لەبەردەستیاندایە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە بوونی سەرپەرشتیاری ئەمنیی یارییەکە کە خەڵکی شاری دهۆک بووە، بێکاریگەر نەبووە لە دروستبوونی ئەم کەشە ناهەموارەدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، یانەی وەرزشیی هەولێر ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ بە فەرمی و بە هاوپێچکردنی بەڵگە و ڤیدیۆکان سکاڵا تۆمار دەکات، هاوکات بە نووسراوی فەرمی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و لیژنەی ڕێککاریی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەی جیدی، خێرا و بێلایەن ئەنجام بدەن و سزای توندی یاسایی و وەرزشی بدەن.


PM:01:35:21/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو