پشتیوان پێنجوێنی بۆ وێستگەنیوز: شەپۆلی هاوبەشی دەریای سوور و ناوەڕاست بارانی زۆر و سەرمای بەهێز دەهێنێت
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
شارەزایەکی بواری کەشناسی تایبەت بە وێستگەنیوز ڕایگەیاند، لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی 12ـدا سەرمایەکی بەهێز و بارانێکی زۆر باش ڕوو لە ناوچەکە دەکات، بە جۆرێک ئەگەری بارینی یەکەم بەفر لە چەند ناوچەیەک و دروستبوونی لافاویش هەیە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز پێشبینییەکانی کەشوهەوای خستە ڕوو و ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆ شەممەوە 21ـی تشرینی دووەم تاوەکو شەممەی داهاتوو کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت، هەندێک کات ڕەنگە هەور بێت، بەڵام باران نابارێت.
پێنجوێنی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وشکییە بارانێکی زۆر باشی بەدوادا دێت و وتی: لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی 12ـدا بارستەهەوایەکی سارد و سەرمای بەهێز ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە ناوچەکانی بارانبارین و مەترسیی لافاو، بۆ وێستگەنیوز ڕوونیکردەوە: بەهۆی شەپۆلی هاوبەشی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستەوە، لە دەوروبەری سنووری سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و کەرکووک بارانێکی زۆر باش دەبارێت و لە بەشێکی ناوچەکانیشدا ئەگەری لافاو هەیە.
لەبارەی بەفربارینیشەوە، پشتیوان پێنجوێنی وتی: لە حاجی ئۆمەران و دەوروبەری پێنجوێن یەکەم بەفر دەبارێت و ئەگەرێکی کراوە هەیە کە لە ناو پێنجوێنیش یەکەم بەفر ببارێت؛ هەروەها ئەگەر ئەو سەرمایەی پێشبینی دەکرێت بمێنێتەوە، لە ئەزمەڕ و گۆیژەش یەکەم بەفر دەبارێت.
AM:09:27:21/11/2026
ئهم بابهته 524
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت