لاهور شێخ جەنگی لە زیندانەوە: لە 99%ـی دادوەرەکانی سلێمانی فەرمان لە قوباد و بافڵ تاڵەبانی وەردەگرن
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
لاهور شێخ جەنگی، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ پێگەی The Amargi، ڕایگەیاند، متمانەی بە دادگای سلێمانی نەماوە و پەشیمان نییە لە مانەوەی؛ هاوکات باس لە پەیوەندییە کەسییە باشەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، ڕۆڵی بەرەی گەل و دەستوەردانی دراوسێکان دەکات.
لاهور شێخ جەنگی، لە چاوپێکەوتنێکی ئینگلیزیدا لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە باسی دۆخی زیندان و هەڵوێستە سیاسییەکانی کرد و ڕایگەیاند، 14 مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە و دوای 12 مانگ قەڵەم و کاغەزی پێدراوە و ئێستا شیعر، یاداشت و وێنەکێشان دەکات؛ ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا ڕۆژی یەکەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و دوای 8 مانگ دادگایی کراوە و بە باشی مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
سەبارەت بە دادگاییکردنەکەشی وتی: بە تەواوی متمانەم بە سیستەمی دادگای سلێمانی لەدەستداوە؛ لە 99%ـی دادوەرەکان دامەزراوی سیاسین و ڕاستەوخۆ فەرمان لە قوباد و بافڵ تاڵەبانی وەردەگرن»، ڕوونیشیکردەوە کە ڕێگری کراوە لە گواستنەوەی دۆسیەکەی بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر چونکە «دەزانن بەڵگەکان لەوێ بەرگە ناگرن.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پەشیمان نییە لە جێنەهێشتنی سلێمانی و لەبارەی ئاشتەوایی لەگەڵ یەکێتیش وتی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ڕێکخستنەکان نییە، بەڵام لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێستادا جێگەی هەردووکمان نابێتەوە؛ ئێستا من لە زیندانم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بێمە دەرەوە کاتی ڕۆیشتنی ئەوانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە حیزبەکەی (بەرەی گەل) بە 2 کورسی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا، و وتیشی: هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکم لەگەڵ پارتی نییە، بەڵام پەیوەندییەکی کەسیی باشم لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەیە.
سەبارەت بە هێشتنەوەی هێزی دووپشک، شێخ جەنگی وتی بۆ پاراستنی خۆی و خێزانەکەی بووە لەو دوژمنانەی بەهۆی پۆستەکانی پێشوویەوە بۆی دروست ببوون، بەتایبەت دوای ئەوەی سلێمانی بووە گۆڕەپانی بریکارەکانی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی هەڵوێستەکانی لەسەر پرسی کورد لە ئێران و تورکیا و سووریا، وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت دراوسێکانی ڕۆژهەڵات ناڕاستەوخۆ هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدا و پێی وایە هێرشەکەی لالەزار سەلماندی دیموکراسی لە هەرێمدا نییە.
PM:11:46:19/11/2026
ئهم بابهته 680
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت