وێستگەنیوز وادەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال
دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی نەوتەکەی بەغدا، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست بە دابەشکردنی بەسەر ماڵاندا کرا و ئەمڕۆش یەکەم کاروان گەیشتە هەولێر، هەر خێزانێک 100 لیتر وەردەگرێت. بڕیارە رۆژی هەینی یاخود شەممە نەوتی سپیی ماڵان بگاتە سلێمانیش.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: "درەنگی شەوی رابردوو نەوتەکەمان بەدەستگەیشت و تەواوی ئامادەکارییەکان کراون؛ ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵاندا دەکرێت و هەر ماڵێک 100 لیتر وەردەگرێت".
بەگوێرەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی ئەو نەوتە لە ناوچە شاخاویەکانی سنووری پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێت.بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی: "قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی سنووری ئامێدی، کانی ماسی و بێکۆڤا دەبێت".
سەبارەت بە کاتی گەیشتنی نەوتەکە بۆ هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وتی: "بڕیارە ئەمڕۆ نەوتی پارێزگای هەولێریش بگات، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی دەکەین".
هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، رۆژی هەینی یاخود شەممە (20 یان 21ی تشرینی دووەمی 2026) بەشێک لە بەشە نەوتی سپیی ماڵانی سنووری سلێمانی دەگات.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە وێستگەنیوزی راگەیاندبوو، دوای یەک دوو رۆژ لە گەیشتنی نەوت، دەست بە دابەشکردنی دەکەن و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکەن.
ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ، یەکەم کاروانی تانکەرەکانی نەوتی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارکراوە و ئەمشەو پشکی پارێزگای دهۆک دەگات.
ناردنی ئەم بەشە نەوتە دوای ئەوە هات کە رۆژی 2ـی ئەم مانگە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش لە 4ـی مانگدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت دەربڕی.
بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی نەوتەکە هاوشێوەی نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت، کە بۆ هەر لیترێک 250 دینار دیاری کراوە.
PM:02:26:18/11/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت