دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەدژی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی دەرکردنی دوو بڕیاری دادوەریی پابەندکەری بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان راگەیاند، کە رەتکردنەوەی دەرکردنی فەرمانی وەلائی لەسەر دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و رەتکردنەوەی سکاڵایەکی لە دژی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانەکە لەخۆگرتبوو.
بەپێی راگەیەندراوەکانی دادگاکە، دەستەی دادوەری بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی تەواوی دادوەرە ئەندامەکان کۆبووەتەوە و هەردوو سکاڵاکەی تاوتوێ کردووە.
لە بڕیاری یەکەمدا، کە تایبەتە بە سکاڵای ژمارە (264/فیدراڵی/فەرمانی وەلائی/2026)ی رێکەوتی 15ی تشرینی دووەمی 2026، دادگا داواکاریی دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی شوێنەوار و رێکار و بڕیارە لێکەوتووەکانی دانیشتنی رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2026ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە، تاوەکو ئەو کاتەی سکاڵای تانەدان لە رێکارەکانی دانیشتنەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی روونی کردووەتەوە، هۆکاری رەتکردنەوەکە بۆ نەبوونی مەرجەکانی دەرکردنی فەرمانی وەلائی دەگەڕێتەوە کە لە ماددەی (151)ی یاسای دادبینیی شارستانیی ژمارە (83)ی ساڵی 1969ی هەموارکراودا دیاریکراون و بریتین لە سیفەتی بەپەلەیی و دەستنەبردن بۆ بنەڕەتی ماف.
لە بڕیاری دووەمیشدا، کە تایبەتە بە سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ی رێکەوتی 26ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگاکە بە کۆدەنگی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دژی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان تۆمارکرابوو و بڕیارەکەش بە ئاشکرا راگەیەنرا. سکاڵاکار لە عەریزەی سکاڵاکەیدا داوای کردبوو بڕیار بدرێت بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و رێکخستنی ئەو لێکەوتە یاساییانەی بەپێی حوکمەکانی دەستوور و یاسا لە بڕیارەکەوە سەرچاوە دەگرن.
دادگاکە هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵای دووەمی بۆ نەبوونی تایبەتمەندیی وەزیفی گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە دا، تایبەتمەندیی دادگاکە لە پیادەکردنی چاودێریی دەستووریدا بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (93/یەکەم)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005، تەنها روو لە یاسا و پەیڕەوە کارپێکراوەکان دەکات و درێژ نابێتەوە بۆ چاودێریکردنی ئاستی دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولەکانی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا.
هاوکات جەختی لەوەش کردووەتەوە، تایبەتمەندیی وەزیفی بەشێکە لە سیستەمی گشتی و دادگا خۆبەخۆ بڕیاری لەسەر دەدات، تەنانەت ئەگەر لایەنە ناکۆکەکانیش هیچ بەرگرییەکیان لەو بارەیەوە نەخستبێتە روو.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوو بڕیارەکە، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (94)ی دەستووری عێراق، بە شێوەیەکی بنبڕ و پابەندکەر بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان دەرچوون.
AM:10:02:18/11/2026
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت