بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و شکستی حکومەتی عێراق لە بەڵێنی دابەزاندنی
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
لە
ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بازاڕەکانی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی
شەپۆلێکی توندی شڵەژان بوون و بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەربەستی 170هەزار دیناری تێپەڕاند و گەیشتە 172 هەزار دینار، ئەم هەڵکشانە لەناکاوە، لە کاتێکدایە کە جیاوازیی
گەورە لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا دروست بووە، ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای
هاووڵاتییان و چاودێرانی ئابووری دروست کردووە لەبارەی لاوازبوونی هێزی کڕین و
سەقامگیریی بازاڕ.
لە ڕوانگەی
شیکاریی ئابوورییەوە، بەرزبوونەوەی خێرای بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ چەند
هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لە لایەکەوە، زۆربوونی خواست لەسەر کڕینی دۆلار لە بازاڕدا
لەلایەن بازرگانانەوە بۆ مەبەستی کڕین و هاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوە، ئەوەش
بەهۆی رێکارە توندەکانی حەواڵەکردن و سەختبوونی مەرجەکانی خستنەڕووی دۆلار لە رێگەی
سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە، بازرگانانی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی دراوی بیانی روو لە
بازاڕی ئازاد بکەن، لەگەڵ کەمیی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، هاوسەنگیی
نێوان خواست و خستنەڕاوی لە بازاڕدا تێکداوە.
لە لایەکی ترەوە، ،
لە پاڵ ئەم هۆکارە هونەری و کارگێڕییانەدا، هۆکاری سیاسی و گرژییە ئەمنییەکانی
ناوچەکە، ترس و دڵەڕاوکێی لای بازرگانان دروست کردووە و خواستی کڕینی دۆلاری کاشی
بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، کە ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ یاریکەرانی بازاڕی
دراو (قۆرخکاران) رەخساندووە تاوەکو دۆخەکە بۆ قازانجی خێرا بقۆزنەوە.
ئەم
ناجێگیرییە زۆرە لە نرخی دراودا، راستەوخۆ رەنگدانەوەی خراپی لەسەر ژیان و
گوزەرانی هاووڵاتییان دروست کردووە، بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ
دابینکردنی زۆرینەی پێداویستییە سەرەکییەکان و خۆراک پشت بە هاوردەکردن دەبەستن،
بەرزبوونەوەی دۆلار بووەتە هۆی گرانبوونی خێرای نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا.
مووچەخۆران و
کاسبکارانیش کە داهاتەکانیان بە دینارە، لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا نزیکەی چارەکێک لە
توانای کڕینی راستەقینەیان لەدەست داوە.
لە
بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، حکومەتی عێراق هەوڵی داوە بە لێدوان و پلانی کۆنتڕۆڵکردن
دۆخەکە هێور بکاتەوە و ئامانجی خۆی راگەیاندووە بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ
ئاستی 155 هەزار دینار یان کەمتر بۆ هەر 100 دۆلارێک، بەڵام تا ئەو ساتە شکستی هێناوە و نەیتوانیوە
بەڵێنەکەی بباتە سەر.
شارەزایانی
ئابووریش جەخت لەوە دەکەنەوە، هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابەزاندنی نرخەکە بۆ نزیکەی 155 هەزار دینار، هێشتا لە چوارچێوەی بەڵێن و پلانی سیاسیدایە و وەک
نرخێکی فەرمیی جێگیر نەبووە، سەرکەوتنی راستەقینەی هەر هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی
بازاڕ، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە توانای بانکی ناوەندی لە پڕکردنەوەی پێداویستییە
راستەقینەکانی بازرگانان و نەهێشتنی جیاوازییە گەورەکانی نێوان نرخی فەرمی و
بازاڕی ئازاد و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و بۆرسەکان لە دەستکاریی کەسانی قۆرخکار.
PM:06:55:17/11/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت