سەعدی پیرە: یەكێتی هەرگیز لەگەڵ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان نەبووە

‌

وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال

ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی هەرگیز لەگەڵ دابەشكردنی هەرێمی كوردستاندا نەبوون و دابەشکردن بە هەڵەیەكی گەورە دەزانن. هاوکات داوای كرد هەوڵی جدی بۆ سڕینەوەی ئاسەواری دانیشتنە تاكلایەنەكەی پەرلەمان بدرێت بۆ ڕێگری لە دەستوەردانی ناحەزانی كورد.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی حزبەكەی ڕایگەیاند، پارتی بە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بە 52 دەنگ، تەجاوزی لەسەر نەریتی پێكەوەكاركردن كردووە؛ ئەمەش لە كاتێكدایە كە نوێنەرایەتیی سەرو 900 هەزار دەنگدەری خەڵكی كوردستان لەو دانیشتنەدا ئامادە نەبوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە دۆستە نێودەوڵەتییەكان زیاتر لە لایەنە ناوخۆییەكان پەرۆشی چارەسەركردنی كێشەكانن، و پێویستە هێزە سیاسییەكان بە هەمان ئەندازە خەمی دۆخەكە بخۆن.

وتیشی، هەر هەوڵێك بۆ بەڕێوەبردنی پەرلەمان و حكومەت بە تەنیا، دەستبردنە بۆ دابەشكردنی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا هەستكردن بە مەترسییەكان لە لایەن هەردولاوە دروست بووە، چونكە نەیارانی كورد دەیانەوێت سود لە ناكۆكیی لایەنەكان وەربگرن بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانیان دژی قەوارەی هەرێم.

جەختیشی کردەوە، "كاك بافڵ و سەركردایەتیی یەكێتی قەت لایەنگری دابەشكردنی هەرێم نەبوون و كاركردن بۆ ئەوە بە هەڵەیەكی زۆر گەورە دەزانین. دۆستەكانمان بەهای پێكەوەكاركردن لایان زۆر ڕونترە و ئەگەر بە ئەندازەی ئەوان خەمخۆر بین كێشەكان چارەسەر دەبن".


PM:06:41:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت