وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ وێستگەنیوز: گرفتێکمان نییە و چاوەڕێی وەڵامی دانە غازین
وێستگەنیوز- بابان عومەر
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تەواوی تۆڕ و وێستگەکانی کارەبا ئامادەن و تەنها چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی غازن لەلایەن کۆمپانیای دانە غازەوە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندووەتە سەروو 1650 مێگاوات.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەتی کارەبا، دامەزراوەکە، ستاف، تۆڕەکە و وێستگەکانی بەرهەمهێنان هەموویان ئامادەن و هیچ گرفتێکمان نییە، چاوەڕێی وەڵامی دانە غازین و ئەوەی ماوەتەوە دەستپێکردنەوەی غازەکەیە".
وتیشی: "بەرهەمهێنانی کارەبامان گەیاندووەتە سەروو 1650 مێگاوات و لە ماوەیەکی پێوانەیی کەمدا نزیکەی 65%ـی ئەو کارەبایەی کەم ببووەوە زیادمان کردووەتەوە".
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، کۆمپانیای دانە غاز لە روونکردنەوەیەکدا دەنگۆی بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی سەبارەت بە وێستگەی غازی کۆرمۆر رەتکردووەتەوە و وتەبێژی کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، وەک پێشتریش لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە راگەیەندراوە، زیانێکی گەورە بەر وێستگەکە کەوتووە و لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ بڕە غازێک بەرهەم بهێنرێت.
کۆمپانیاکە داواشی لە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە، خۆیان لە رووماڵکردنی نابەرپرسانە، پێشبینی و لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن و پشت بە زانیاریی ناڕاست نەبەستن.
وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە وێستگەی کۆرمۆر، کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غازە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی راستەوخۆ و گەورەی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی دروست کردووە و کاتژمێرەکانی کارەبای بۆ 6 کاتژمێر کەم کردووەتەوە.
PM:06:15:16/11/2026
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت