جورف ئەلسەخڕ.. لە کارگەی کیمیاییەوە بۆ پاڵاوگەی قاچاخ

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

ناوچەی جورف ئەلسەخر کە زیاتر لە 10 ساڵە بەڕووی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا داخراوەو بووەتە سێگۆشەی بەرمۆدای عێراق، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاشکرایانکردووە، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، دامەزراوە کیمیاییەکەی سەردەمی سەدام حوسێن ‌و پێنج پێگەو تونێلی دیکە کراوەتە ناوەندی قاچاخچێتی ‌و پاڵاوتنی نەوت، ئەمەش وایکردووه‌، عەلی زەیدیی نۆ بەرپرسی باڵای بابل دووربخاتەوە و دوا مۆڵەتی چوار ڕۆژ بداتە ئەو گروپە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی ڕۆژنامەی مه‌دا، قەیرانی جورف سەخر چووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوەو وردەکاریی پێگە نهێنییەکان ‌و ململانێی نێوان حکومەت ‌و گروپە چەکدارەکان.

سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایانکردووە، کەتائیبی حزبوڵڵا لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەدا، شەش پێگەو دامەزراوەی سەربازیی سەردەمی ڕژێمی پێشوی بۆ پاڵاوتن‌و قاچاخچێتیی نەوت بەکارهێناوە ئه‌وانیش، (دامەزراوەی ئەلحەکەم)ه‌ كه‌ کارگەیەکی سەردەمی سەدام حوسێن بوو کە لەهەشتاکاندا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆجی دروستکرابوو؛ کەتائیب لەدەوروبەری ئەم دامەزراوەیە تونێل ‌و سەنگەری لێداوە بۆ شاردنەوەی پرۆسەی پاڵاوتنی نەوت، له‌گه‌ڵ بەکارهێنانی دامەزراوەی سەربازیی ئیبن ئەسیرو وێستگەی سوتەمەنیی ئەلباج لەسەر ڕێگه‌ی بیابانی بەرەو پردی فازڵییە، له‌گه‌ڵ قۆستنەوەی ڕێڕەوی بۆریی نەوتی ناوچەی بەهبەهان، لەگەڵ شاردنەوەی تانکیی نەوت لەژێر دارخورماو دارستانە چڕەکانی ناوچەی حامییە لەپشت گەڕەکی زەهرای نوێ‌و نزیک گۆڕستانی (سەید مەشیوح).

ئه‌وه‌ش ئاشكرابووه‌، ئێوارەی شەممەى ڕابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای وەرگرتنی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بڕیاریدا بەلەسەرکارلادانی نۆ بەرپرسی ئەمنی، سەربازیی ‌و نەوتیی پارێزگای بابل ئه‌وانیش (فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری پۆلیسی باکوری بابل، بەڕێوەبەری هەواڵگریی ‌و دژەتیرۆر، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی، بەڕێوەبەری موخابەرات، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەبابل، فەرماندەی لیوای شەشی پۆلیسی وزەو بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆرییە نەوتییەکان).

سەرباری سزادانی سەرجەم بەرپرسە فەرمییەکان، هیچ ڕێکارێک دژی کەتائیبی حزبوڵڵا یان هەردوو لیوای 45 و 46ى حەشدی شەعبی (کە سەر بەکەتائیبن ‌و کۆنترۆڵی کرداریی جورف ئەلسەخریان بەدەستەوەیە) نەگیراوەتەبەر، تەنانەت لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتیش ڕۆژی هەینیی ڕابردوو تەنها بەڕەزامەندیی کەتائیب ‌و وەک میوان توانیی بچێتە ناو ناوچەکەو لەزیندان ‌و کارگەکانی درۆنیش دوورخرایەوە.

جورف ئەلسەخر لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی لەدەستی داعش، بووەتە ناوچەیەکی داخراو و ناوەندی چەندین دۆسیەی هەستیار له‌وانه‌ش (کارگەی درۆن ‌و موشەک) لەتەمموزی 2024داو دوای بۆردومانێکی ئەمریکا، کەتائیب بەفەرمی دانی بەوەدانا کە شارەزایانیان لەوێ خەریکی پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن، هەروەها زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە هێرشە درۆنییەکەی 2019 بۆسەر سعودیە لەوێوە ئەنجامدراوەو لە2020یشدا موشەکی ئێرانیی جۆری (ئارەش) لەوێ عەمبارکراوە.

بەرپرسانی ئەنبار کەتائیب بەڕفاندنی زیاتر لەهه‌زار ئاوارەی ناوچەی نخێب لەساڵی 2016 تۆمەتباردەکەن، هاوکات پەرلەمانتارانی پێشوو ئاشکرایانکردوە کە خاوەندارێتیی باخەکانی ناوچەکە گۆڕدراوەو کراونەتە کێڵگەی پەلەوەرو حەوزی ماسی تا دانیشتوانەکەی نەگەڕێنەوە.

دوای شکستپێهێنانی دانوستانەکانی یەک مانگی ڕابردووی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی چەک، عەلی زەیدی لەدوایین کۆبوونەوەدا هۆشداریدا کە ئەگەر دۆخەکە چارەسەرنەکرێت، دۆناڵد ترەمپ هێرشدەکاتەسەر گروپە چەکدارەکان، یان حکومەت ناچاردەبێت داوای سەرپشککردن بکات بۆ جوڵەپێکردنی هێز دژیان.

لەکاتێکدا سەرکردە شیعەکان هۆشدارییانداوە کە پێکدادانی چەکداریی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوخانی حکومەت، ئێستا هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە کەتائیبی حزبوڵڵا تا ڕۆژی هەینی بەشێوەی پلەبەندی ناوچەکە چۆڵبکات ‌و ڕادەستی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی بکات.


PM:06:09:16/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت