وردەکاریی بەقاچاغبردنی نەوتی عێراق و هەرێم بەرەو تورکیا و ئەفغانستان ئاشکرا دەکرێت

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی نهێنیی عێراق ئاشکرای دەکات، تۆڕەکانی قاچاغچێتی نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان بە دوو ئاراستە كارەكانیان دەكەن؛ هێڵێکیان لە ڕێگەی باشماخ و پەروێزخانەوە بەرەو ئێران و ئەفغانستان، هێڵی دووەمیش لە فیشخاپور و ئیبراهیم خەلیلەوە بەرەو تورکیا.

لە راپۆرتێکدا 
كەناڵی حوڕەی ئەمریكی ئاشکرای کردووە، بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی عێراقی کە بە "زۆر نهێنی" ناوبراوە و لەلایەن بەشی هەواڵگریی شوێنگێڕی (GSI) لە وەزارەتی ناوخۆی عێرق ئامادەکراوە، ئاشکرای دەکات کە قاچاخی نەوتی عێراق لە دزییەکی ناوخۆییەوە بوەتە سیستمێکی لۆجستیی تۆکمە.


بەڵگەنامە 14 لاپەڕەییەکە بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان لەنێوان ساڵانی 2021 تا 2026 دەریخستوە کە تۆڕەکانی قاچاخ سود لە ناوچە سنورییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ وەردەگرن و نەوتی خاو و پێکهاتەکانی لە کەرکوک و هەرێمی کوردستانەوە بە دو هێڵ بەرەو ئێران، ئەفغانستان و تورکیا دەبەن، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر داهاتی سیادیی دەوڵەت دروست کردوە.

بەپێی بەڵگەنامەکە، هێڵی یەکەمی قاچاخ لە کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات؛ نەوتەکە بە فەرمی و بەناوی پشکی دیاریکراو ڕەوانەی سلێمانی دەکرێت، بەڵام لەوێوە دەخرێتە نێو پرۆسەی قاچاخەوە. دواتر بە تەنکەری بچوک و مامناوەند و بە سودوەرگرتن لە نزمیی نرخی نەوتی عێراق، لە دەروازەکانی "باشماخ" و "پەروێزخان" لە هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکاریی پەڕینەوەیان بۆ دەکرێت و دەبردرێنە ناو خاکی ئێران.

دواتریش لەوێوە بە بەڵگەنامەی عێراقییەوە بەرەو سنوری ئەفغانستان (لە ڕێگەی دەروازەی ماهیرود لە پارێزگای خۆراسان) بەڕێ دەکرێت. لە ئەفغانستان، کۆمپانیا تایبەتەکان بارەکە لە کۆگاکانی شارەکانی هێرات و فەراهـ خاڵی دەکەنەوە و وەک بەنزین و گاز لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا دابەشی دەکەن بەبێ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی بکەنەوە.

وێنەکانی مانگی دەستکرد کە هاوپێچی ڕاپۆرتەکەن، گەشەکردنی بەردەوامی قاچاخ لە دیوی ئێرانی دەروازەکان دەسەلمێنن. لە دەروازەی باشماخ لە ساڵی 2021ـدا شوێنەکە گۆڕەپانێکی نیمچە چۆڵ بووە، کەچی لە 2026 بووەتە مەیدانێکی پڕ لە سەدان تەنکەر، کۆگا و بینای نوێ لە نزیک سنوری عێراق. هەروەها لە دەروازەی پەروێزخانیش، بەراورد بە ساڵی 2021 کە چەند ئۆتۆمبێلێکی کەمی لێ بووە، لە کۆتایی 2025 و سەرەتای 2026ـدا سەدان تەنکەر بە ڕیز لە کێڵگە و زەوییەکانی دەوروبەریدا وەستاون.

بەگوێرەی بەڵگەمانەكان، هێڵی دووەم بەرەو باکور دەڕوات نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ کۆگاکانی حەقڵی "فیشخاپور" لە دهۆک دەگوازرێتەوە. ڕاپۆرتەکە کۆمپانیای نەرویجیی «DNO»—گەورەترین وەبەرهێنەری کێڵگەکە—تۆمەتبار دەکات بە فرۆشتنی نەوتی کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخاپور بە کڕیارانی ناوخۆیی لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). لە فیشخاپورەوە بەڵگەنامەکان ساختە دەکرێن و بەرهەمەکان تێکەڵ دەکرێن، پاشان بە تەنکەر لە ڕێگەی دەروازەی "ئیبراهیم خەلیل"ـەوە دەبردرێنە تورکیا و وەک نەوتی فەرمیی عێراق دەفرۆشرێن.

بەڵگەنامەکە هۆکاری ئەم جوڵەیەی DNO دەبەستێتەوە بە کێشە داراییەکانی لەگەڵ بەغدا و هەولێر و داواکردنی گەرەنتی بۆ شایستە داراییە دواکەوتووەکانی.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندوە پشکی حکومەتی هەرێم کە نزیکەی 20%ـدایە ڕادەستی بەغدا دەکات، بەڵام بەردەوامە لە فرۆشتنی پشکی خۆی کە نزیکەی 64%ـی بەرهەمەکەیە بە کڕیارانی ناوخۆ لەناو هەرێمدا؛ هاوکات کۆمپانیا نەرویجییەکە وەڵامی پرسیارەکانی کەناڵی "ئەلحوڕە"ی لەم بارەیەوە نەداوەتەوە.

عەقیدێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ "ئەلحوڕە" ڕاستیی بەڵگەنامە نهێنییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەیبەت حەلبوسی، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە قاچاخی نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان، شانبەشانی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەیەکی پێشووتر کە دزینی نەوتی لە ناوچەی "جەرف سەخر"ـی باشوری بەغدا لەلایەن گروپێکی چەکداری عێراقەوە ئاشکرا کردبوو.

لە کۆتایی بەڵگەنامە هەواڵگرییەکەدا چەندین ڕاسپاردە خراونەتەڕوو؛ لەوانە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی دارایی گشتگیر بۆ زانینی زیانەکانی دەوڵەت و دەستنیشانکردنی سودمەندەکان، بەستنی سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنی (GPS)ی وەزارەتی نەوت بە هەموو تەنکەرەکانی پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی و کەرکوک، هەروەها ڕاسپاردنی کۆمپانیای "سۆمۆ" بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و سزادانی هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسانەی لە دەرەوەی ڕێڕەوە فەرمییەکان بازرگانی بە نەوتەوە دەکەن.

دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان لە عێراق یەكێكە لە ئاڵۆزترین كێشە ئەمنی و ئابوورییەكان كە بە ملیاران دۆلار زیانی لە خەزێنەی گشتی داوە. لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ی 2026دا بەهۆی دزەپێكردنی بەڵگەنامەی هەواڵگری لەسەر قاچاخی نەوت لە ناوچەی جەرف سەخر لە لایەن گروپە چەكدارەكانەوە، حكومەت و پەرلەمانی عێراق لیژنەی باڵای لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا كە كێڵگەكانی كەركوك و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە.


PM:05:42:16/11/2026








ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت