شاسوار عەبدولواحید: دۆخی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ پێش 3ـی 11 و سێ بژاردە لەبەردەستدان

‌

وێستگەنیوز-ئارام عەلی 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رەخنەی تووندی لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گرت و رایگەیاند، هەرگیز دۆخی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ پێش 3ـی 11 ، هۆشداریشی دا لەوەی، ئێستا کوردستان بووەتە دوو ئیدارەیی و سێ بژاردەی سەرەکی بۆ داهاتووی لەبەردەستدایە.

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد، مەسرور بارزانی زیاتر لە سێ ساڵە بە نایاسایی لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە (حەوت ساڵ و چوار مانگە حوکم دەکات لە کاتێکدا ماوەی یاساییەکەی چوار ساڵ بووە) و دەبێت دەستبەرداری ببێت، پارتیشی تۆمەتبار کرد بەوەی بە 39 کورسییەوە دەیویست هەموو پۆستە سیادییەکانی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکات.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و جوگرافیی هەرێم، دووپاتی کردەوە، دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ پێش 3ـی 11 و کوردستان لەت بووە و ئێستا دوو ئیدارەیە، هۆشداریشی دا، سێ بژاردە لەبەردەستدان، کە بریتین لە جیاکردنەوەی بودجەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەولێر و دهۆک، بوونی دوو حکومەت و دوو سەرۆکی حکومەت، یاخود دروستکردنی دوو هەرێم بەپێی ماددە دەستوورییەکە کە رێگە دەدات بە داواکاریی %10ـیدانیشتووانی هەر پارێزگایەک بکرێنە هەرێم.

لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد، سبەی بە یاوەریی شاندێکی یاسایی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەچنەوە بەغدا و بەشداریی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن.


PM:08:34:15/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو