هاوکێشەیەکی نوێ لە بەغداوە؛ وردەکاریی حەوت مەرجی بودجەی 2027 بۆ هەرێمی کوردستان

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

لە کاتێکدا هێشتا ناکۆکییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی یەکلایی نەبوونەتەوە، ڕەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراق بە حەوت مەرجی نوێ و یەکلاکەرەوەوە دەرگای قۆناغێکی دیکەی دانوستان و ململانێ دەکاتەوە؛ مەرجگەلێک کە ئەمجارە تەنها دۆسیەی نەوت ناگرنەوە، بەڵکو غاز و داهاتی ناوخۆ و تەنانەت پشکی هەرێم و قەرزە کەڵەکەبووەکانی ڕابردووش دەخەنە ناو هاوکێشەیەکی نوێوە.

بە پێی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، قەبارەی خەرجییەکانی بە زیاتر لە 217 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان  بە نزیکەی 13 تریلیۆن دینار دیاری کراوە، بەڵام ناردنی پارەکە بە چەند مەرجێکی سەرەکییەوە بەستراوەتەوە.

بەگوێرەی دەقی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027 کۆی گشتیی خەرجییەکان دیاریکراوە  بە 217 تریلیۆن و 248 ملیار و 50 ملیۆن و 761 هەزار دینارە، پشکی هەرێمی کوردستانیش بە ڕێژەی 12.7٪ دیاری کراوە.

لە پڕۆژە یاساکەدا پشکی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە دیاریکراوە

بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی ١٠ـی پرۆژەیاساکە، پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.7٪ـی کۆی گشتیی خەرجیی راستەقینە "حاکیمە، بەکارخستن و وەبەرهێنان” دیاریکراوە، ئەوەش دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان

لە خشتەی (ب)ـی دابەشکردنی خەرجیی وەزارەت و دامەزراوەکاندا کۆی گشتیی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان بە 12 تریلیۆن و 859 ملیار و 389 ملیۆن و 118 هەزار دینار دانراوە بەجۆرێک

خەرجیی بەکارخستن (مووچە و خەرجییەکانی دیکە) : 12 تریلیۆن و 358 ملیار و 368 ملیۆن و 920 هەزار دینار.

خەرجیی وەبەرهێنان: 501 ملیار و 20 ملیۆن و 198 هەزار دینار.

مەرجەکانی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم چین؟

یەکەم: پاکتاوکردنی شایستەکانی 22 ساڵی رابردوو ، کە بڕەکەی 9 تریلیۆن و 329 ملیار دینارە، لە ماوەی حەوت ساڵدا پاکتاو دەکرێن.

دووەم: دانەوەی قەرزەکانی بانکی تی بی ئای، کە بڕەکەی 3 تریلیۆن و 446 ملیار دینارە، لە ساڵی 2027ەوە بە قیستی مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دەبێت لە حەوت ساڵدا تەواوبکرێت.

سێیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی رۆژانە بڕێک کە لە 445 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، لە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)ـوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بەبازاڕ بکات، لە ئەگەری راگرتن یان ئەستەمبوونی هەناردەکردنیشدا، دەبێت ئەو نەوتە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.

چوارەم: دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان رادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکات و مانگانە لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمەوە وردبینی بۆ داتاکان بکرێت.

پێنجەم: حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنی ئەو گازەی لە پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادە بە حکومەتی فیدراڵی ئەگەر ڕادەستی نەکات، بەهاکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

شەشەم: بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی 15ی 2ی 2022، نابێ حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گرێبەستێکی وەبەرهێنان یان کارپێکردنی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان واژۆ بکات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.

حەوتەم: وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بە مەرجێک بڕگەکانی نەوت، داهاتی نانەوتی و قیستی قەرزی بانکی "تی بی ئای”، جێبەجێ بکات و هەر سێ مانگ جارێک پاکتاوی ژمێریاری لە نێوان هەردوولادا بکرێت.

جیاواز لە پشکی هەرێمی کوردستان بودجەی ساڵی 2027 بۆ عێراق بە گشتی بەم شێوەیە دیاری کراوە

داهاتەکان: لە کۆی 175.8 تریلیۆن دینار داهات، بڕی 146 تریلیۆن و 73 ملیار دیناری لە نەوتەوە دابین دەکرێت و 28.51 تریلیۆن دینار داهاتی نانەوتی و 500 ملیار دیناریش داهاتی کانزاکانە.

خەرجییەکان: کۆی گشتی خەرجیەکان بە 217.24 تریلیۆن دینار دیاریکراوە و بەسەر سێ کەرتدا دابەشبووە، ئەوانیش خەرجیی بەکارخستن (زیاتر لە 140.41 تریلیۆن) و  خەرجیی وەبەرهێنان (نزیکەی 34.89 تریلیۆن ) و بودجەی بەرنامە و ئەدا( 41 تریلیۆن و 931 ملیار دینارە بۆ شەش دامەزراوە کە پشکی شێر بەر وەزارەتی کارەبا کەوتووە


PM:11:03:14/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو