شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سلێمانی شاری شارانە و چرای گەشی هەرچوار پارچەی کوردستانە

‌

وێستگەنیوز -

شاری سلێمانی بە ئاهەنگ و کەرنەڤاڵی جەماوەری و رازاندنەوەی بەردەرکی سەرا بە ئاڵای کوردستان، یادی 242 ساڵەی دامەزراندنی خۆی کردەوە و هاوکات شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ هاوڵاتییانی شارەکەدا بەشداریی لە خۆشی و چالاکییەکانی یادەکەدا کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەکەی، لە میانی بەسەرکردنەوەی چالاکییەکاندا، کە ئەمڕۆ شەممە 14ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی: "سلێمانی لای من شاری شارانە، شاری ورە و مەردایەتییە، چرای گەشی هەرچوار پارچەکەیە و دەنگی گەلە بێدەنگەکەشمانە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بە خەڵکی سلێمانی دەڵێم هەر بژین و بە سلێمانیش دەڵێم بمێنیت بۆمان".

لە بەشێکی تری سەردانەکەیدا، بینەری ڤیدیۆ ئەنیمەیشنێک بوو سەبارەت بە مێژووی سلێمانی لە سەردەمی بونیادنانیەوە تا ئەمڕۆی ئازادی و گەشەسەندنی کە قۆناغە سیاسییە دیارەکانی لەخۆگرتبوو. پاشان ئەو تیمەی بەسەرکردەوە کە ئەرکی ڕازاندنەوەی سەرای سلێمانی، بەرهەمهێنانی میدیایی و ڕێکخستنی چالاکییە کلتوورییەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو و دەستخۆشی لێکردن.

لە کۆتاییشدا و لەناو نمایشی یارییە ئاگرینەکان و دیداری هونەرمەنداندا، لەکاتێکدا سەرا بە وشە، شیعر و پۆرترێتی شاعیران و ناودارانی سلێمانی و ئاڵای کوردستان ڕازێنرابووەوە، ڕایگەیاند: "لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم لە هەر شوێنێکی دنیا بن بەبۆنەی ئەم یادە پیرۆز و جوانەوە".


PM:10:12:14/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو