زەیدی ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت دوورخستەوە
وێستگەنیوز- نێچیر کەمال
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریدا بە رەوانەکردنی تەواوی تۆمەتبارانی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جورف نەسر بۆ بەردەم دادگا، هاوکات لەسەر هەمان دۆسیە نۆ فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای بابلی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند؛ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کردووە، کە تێیدا دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل تاوتوێ کراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوە راستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی فیدراڵییەوە خرابوونەروو، سەبارەت بە بوونی چەندین پاڵاوگەی نایاسایی و بەقاچاخبردنی نەوت و دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکان لە سنوورەکەدا.
لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد بە رەوانەکردنی تەواوی تۆمەتباران بۆ دادگا و لەسەرکارلادانی ئەم بەرپرسانە:
1. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.
2. بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
3. بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
4. بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.
5. بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی بابل لە وەزارەتی بەرگری.
6. بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە بابل.
7. فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.
8. فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
9. بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆڕیی نەوت لە وەزارەتی نەوت.
هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هۆشداریی دایە تەواوی فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن، فەرماندەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و سەرپەرشتیارانی دەزگا ئەمنییەکان، کە بەرپرسیاری تەواو لە ئەستۆ دەگرن بەرامبەر هەر حاڵەتێکی قاچاخچێتی کە لە سنووری دەسەڵاتیاندا روو بدات، و وتیشی: لە هیچ شوێنێکی عێراق رێگە نادرێت تەنانەت یەک بست خاک بۆ قاچاخچێتی بەکاربهێنرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە، حکومەت بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی توندی قاچاخچێتیی نەوت، رێگەش بە هیچ لایەنێک نادرێت دەستکاریی سامان و سامانی نیشتمانیی وڵات بکات.
PM:09:48:14/11/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت