ململانێ نوێیەکان و چارەنووسی هەرێم؛ بژاردەی یەکڕیزی یان دابەشبوون؟
وێستگەنیوز- نێچیرڤان
قه‌یرانه نوێكان و ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی؛ هەرێمی کوردستانی لە قۆناغێکی ئێجگار هەستیار نزیككردوه‌ته‌وه، گۆڕانکاری لە هاوسەنگی فراكسیۆنه‌كانی ناو پەرلەمانی كوردستان داهاتووی هەرێمی کوردستانیان خستوەتە بەردەم بژاردەی مەترسیدار.
هەرێمی کوردستان ئێستا لەبەردەم چەند بژاردەیەکدایە ئەوەش بەهۆی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و نزیکەکانی و هاوکات هەڕەشەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەنگاوی هاوشێوە واتا وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر به پارتی.
یەکەم؛ كه نزیكترین سیناریۆیه و ئه‌گه‌ری هه‌یه رووبدات هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی كوردستانه لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ سكاڵایان تۆماركرد، لە حاڵەتێکدا ئەگەر دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵای ئه‌و دوو حزبه لە بەرژەوەندی ئەوان کۆتایی پێبهێنێت و کاراکردنەوەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا کێشەکانی ناوخۆی هەرێم سفر ده‌بنه‌وه كه به‌هۆی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه روویداوه.
هەروەها دەرچونی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵی عێراقه‌وه ئه‌و كارته بەهێزەی پارتی پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه كه بەکاریهێنا بەپشت بەستن بە زۆرینەی نوێ، هەروەها هەلێک دەداتە یەکێتی لە پێگەیەکی یاسایی بەهێزترەوە گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی بكات.
دووەم؛ ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵاکەی یەکێتی و نەوەی نوێ رەتبکاتەوە و کۆبونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە "یاسایی" ناوببات، ئەوا یەکێتی ناچاردەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا بکات، بۆیه له‌م ئه‌گه‌ره‌دا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كێتی بچێتە دانوستان، به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دوبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ و پێشوەختە.
هاوکات داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشتریش لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خرایەڕوو، تەنانەت رەوتی هەڵوێست کە دوو پەرلەمانتاری چووەتە بەرەکەی پارتی پەسەندی دەکات، یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانیش قبوڵیەتی و کۆمەڵی دادگەریش کە رەتیدەکاتەوە بچێتە ئەو پەرلەمانە هەر لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە داوای سەرەکی ئەوه‌بوه كه پەرلەمان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و هه‌ڵبژاردنی دیكه بكرێت، كه‌واتا ئه‌و داوایه تاوه‌كو ئه‌ندازه‌یه‌ك كۆده‌نگی له‌سه‌ره و ئاسان به‌دیدێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییەکان، له ئه‌گه‌رێكی له‌وجۆره‌دا پارتی مه‌رجی هه‌یه بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەرلەمانەی كه خۆی کارای کردوەتەوە، ئەویش گەڕانەوەی تیمی یەکێتییە بۆ حكومه‌ت تاوەکو هەڵبژاردنی نوێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
سیناریۆیەکی دیکەش، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانە لەلایەن پارتی و بانگەواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، پارتی بەپشت بەستن بە زۆرینەی ڕەهای نوێی پەرلەمان کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەیەتی، دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە ئەوەش بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە مەترسی دولەتبونی فەرمی هەرێمی کوردستان، رەنگە کارتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە ڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە بەکاربهێنێت، دواتر ڕێکارە یاساییەکان دەستپێبکات و مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کوردستان دەربکات تا بە بەشداری هەموو لایەک پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی شاره‌زایه‌كی یاسایی بۆ وێستگەنیوز.
سیناریۆ قورسەکەش، دابەشبوونی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمه، کە ئەوە بژاردە قورسه‌كه‌ی بەردەم هەرێمی کوردستانە، ئەوەش دوای ئەوە دێتە کایەوە که پارتی بە بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێت و دواتریش سەرۆکی هەرێم کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک وەزیران ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، لەبەرامبەر ئەوکارەشدا وه‌كو بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی وتی، یەکێتی دان بەو دامەزراوانەدا نانێت و لە زۆنی سەوز (سلێمانی، هەڵەبجە، كه‌ركوك ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان) دەسەڵاتی ئیداری و جێبەجێکردنی خۆی بەجیا دروستده‌كات.
لەکاتێکدا بە پشتیوانی هاوپەیمانان لەم دواییانەدا مەراسیمی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی فەوجە هاوبەشەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی ئەنجامدراو هێزه‌كانی 70 و 80 كرانه ده‌ڤه‌ری یه‌ك و دوو، ئێستا بە گەورەبوونی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی جارێکی‌تر کێشەی هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پێشمەرگە سەرهەڵدەداتەوە، چونكه ئه‌و هێزانه ده‌بنه‌وه بە هێزێکی حزبی بۆ پاراستنی زۆنە حزبیه‌کان.
هاوکات لە حاڵەتی راگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" یان "دوو هەرێمی" نوێنەرایەتی فەرمی هەرێمی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی دەگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتی حزبی، لەکاتێکدا هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە و یەکەمجارە تۆم باراك، نوێنه‌ری ئه‌مریكا له عێراق و سوریا بە ڕاشکاوی ئاماژە به‌وه‌بكات کە "کێشەی سەرەکی پارتی و یەکێتی نە نەتەوەییە، نە نیشتمانی، بەڵکو کێشەی شەخسی، دارایی، ماددی و بنەماڵەیین"، ئەو خوێندنەوەیە شەرعییەتی سیاسی لایەنەکان لای بڕیاربەدەستانی نێودەوڵەتی لاواز دەکات.
هاوکات ئه‌گه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دووله‌ت ببێت بۆ دوو هه‌رێمی حزبی، لە ڕووی زانستی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە، دەستکەوتەکانی نەتەوەی کورد كه به قوربانییه‌كانی نه‌وه‌ی كورد لە سەدەی 20 و 21دا بنەمای نەتەوەیی لەدەستدەدەن، لەکاتێکدا پێشتر لە جیهاندا ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای "مافی چارەی خۆنوسینی نەتەوەیی" ناسێنرابوو (بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان کە فیدڕاڵییەتیان لەسەر بنەمای کارگێڕی یان جوگرافیی پێکهێنراوه، وەک ئەڵمانیا یان ئوسترالیا).
کێشەكانی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه له ئێستادا هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵەبانی سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن، رەنگدانەوەی ململانێی مێژویی و سیاسیی نێوان هه‌ردو حزبه‌كه‌یه، كه ئه‌وه‌ش پێشینه‌یه‌كی زیاتر له 60 ساڵەی هەیە. ئەو ململانێیە لە سەرەتادا لەسەر شێوازی ڕێبەرایەتیکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان سەریهەڵدا و دواتر گۆڕا بۆ ململانێ لەسەر دەسەڵات، داهات، و قەڵەمڕەویی جوگرافی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە.
PM:08:09:14/11/2026
ئه‌م بابه‌ته 256
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت