بنبەستی حوکمڕانیی پاش ڕاپەڕین و پێویستیی گرێبەستێکی سیاسیی نوێ

‌

وێستگەنیوز-

د. یوسف محەمەد دەڵێت: دروست بوونی هەرێمی تر لە هەناوی هەرێمی کوردستان دەستورییە، بەڵام لە روی سیاسییەوە چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە ئاستی عێراق بێ مشتومڕ نابێت.

یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئەوەی روودەدات سەلمێنەری راستیی بە بنبەستگەیشتنی ئەو شێوازە حوکمڕانییەیە کە لە 35 ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستاندا حاکمە. خەسڵەتی سەرەکیی حوکمڕانیی هەرێم ئەوەیە کە لە روکەشدا بە «دیموکراسی» رتوش و ماکیاج کراوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پشتئەستورە بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی؛ دابەشکردنی فیوداڵیانەی دەسەڵات و خاکی کوردستان؛ دەسەڵاتی دیفاکتۆی حیزبیی دەرەنجامی شەڕی ناوخۆ. 


شکڵگرتنی ئەو شێوازی حوکمڕانییە جوت حیزبییە، دەرەنجامی کۆمەڵێک گۆڕاوی ناوخۆیی، عێراقی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بو کە ئێستا زۆرینەیان وەک خۆیان نەماون، درێژەدان بەو شێوازە حوکمڕانییە جگە لە نابوت کردنی زیاتری هەرێم تا ئاستی لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی، هیچی لێبەرهەم نایەت. 

هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی خولی پێشوی پەرلەمان بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی و داخستنی، خاڵی وەرچەرخان و جاڕی کۆتایی هاتنی کارکردنی ئەو شێوازەی حوکمڕانیی هەرێم بو.
ئەوکات لە کۆتایی تەموزی 2023 وتارێکمان لەو بارەیەوە نوسیوە: #کۆتایی_رژێمی_حوکمڕامیی_پاش_راپەڕین. 

بەداخەوە بۆچونەکەمان ڕاست دەرچو، سەرباری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 2024، بەڵام دەستگرتن بەو شێوازە حوکمڕانییە وا خەریکە هەرێم هەڵدەتەکێنێت. 

دوای بەبنبەست گەیشتنی ئەو شێوازە لە حوکمڕانی، ئەرکی ئێستا گەڕانەوە نییە بۆی، بەڵکو تێپەڕاندنیەتی بۆ شێوازێکی حوکمڕانیی دیموکراسیی سەردەمیانەی خەڵکسالار. 
ئەرکی هەموان، بەتایبەت هێز و دەستەبژێری دەرەوەی پارتی و یەکێتی، گوتاری سۆزدارانە نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو شێوازە حوکمڕانییە شکستخواردوە.بەڵکو ئەرکی هەموانە لە پێناوی مانەوەی قەوارەی هەرێم و دابین کردنی ژیانی کەرامەتمەندانە بۆ هاوڵاتییان، هانی ئەو دو حیزبە بدەن و فشاریان لێبکەن بۆ هێنانەکایەی گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدانی هەرێم. 

لەناو کوردا بەگشتی سەنگەرگۆڕین و گواستنەوە بۆ حیزبی تر بێزراوە، هەندێک ئاوارتە هەن وەک ساتی سەرەتای دروست بونی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ناڕازی. 

هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەوەی رویدا لە دوا دانیشتنی پەرلەمان لەوەی چەند پەرلەمانتارێک لە دەرەوەی ئیرادەی حیزبەکانیان و بەپێچەوانەی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشداربون لە دانیشتنەکە. لەوانە دۆخی دابەش بونی حیزبییانەی هەرێم؛ هەژمونی پارتی بەسەر کۆی دامەزراوەکانی حوکمڕانیی هەرێم؛ قۆرخ کردنی داهاتی وڵات لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەکان؛ نەبونی پەروەردە و دیسپلینی حیزبیی دروست؛ فشۆڵیی حیزبەکان و نادیموکراتی بونیان و ناڕونیی سیاسەتەکانیان و بەشدارنەکردنی راستەقینەی پەرلەمانتارەکانیان لە بڕیاردان؛ بوونی گومانی پەیوەندیی ژێربەژێری هەندێک کارەکتەری هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات و بڵاوکردنەوەی ئەوە لە لایەن خودی ئەم کارەکتەرانە و پەیجە سێبەرەکانیان دژ بە یەک. 
ئەبێت ئەوە بزانین کە کاتێک پەرلەمانتارێکی لاواز خۆی لەبەردەم بژاردەی گومانی سەودا و مامەڵە پێوەکردنی بە دەستی دو لە لایەن دەستڕۆشتوانی حیزبەکەی ببینێ یان ئەوەی خۆی بڕوا سەودا و مامەڵە بکات، رەنگە لەبری روبەڕووبونەوەی سیاسەتی هەڵەی بەرپرسانی حیزبەکەی، سەرباری قێزەون بونی، بژاردەی دوەم هەڵبژێرێت. سەودا و مامەلەی كەسانی سەرەوەی حیزب بە تایبەت دەرەوەی یەكێتی  و پارتی، نابێت ببێتە پاساوی سەنگەرگواستنەوەی پەرلەمانتارەکانیان، چونكە دواجار حیزب ئامڕازە بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و کەڵەکە کردنی سەروەتی مەعنەویش، نەك ئامڕازی بەدەستهێنانی سامانی ماددی. 
پێویستە بە هەمومان دژی ئەم بازاڕگەرمییەی سەودا و مامەڵەی حیزبی و شەخسی بین. 

ئەگەر ئێسکی دەست شکا و بە هەڵە گیرایەوە، بۆ چارەسەری ئەو هەڵەیە ئێسکەکە ئەشکێننەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بە باشی بیگرنەوە. 
لە ساڵانی 2005- 2006 هەرێم بەبێ کۆتایی هێنانی شەڕی ناوخۆ و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی و گواستتنەوەی بۆ ئاشتیی هەمیشەیی، بە ناتەواوی و بە روکەش یەکیگرتەوە!
رەنگە دۆخی هەرێم شکاندەوەیەک قەرزار بێت لەپێناو باش و دروست یەکگرتنەوەیەی، نەک دابەش کردن و رەنگە لە دەرەنجامیش هەڵوەشاندنەوەی. 


چارەی ئەم بنبەستەی حوکمڕانیی هەرێم بە گەڕانەوە بۆ هۆکاری شکستەکانی نابێت. بۆ نمونە گەڕانەوە بۆ 50 + 50 چارەسەر نییە. بابڵێین یەکێتی سەرۆکی حکومەتیشی وەرگرت، کە هەولێر و دهۆک لە ژێر هەژمونی ئەمنی و چەکداری و حیزبییانەی پارتی بو چیی پێدەکرێ!؟ لە 22ی ئایاری 2023 سەرۆکی پەرلەمان یەکێتی بو و لە پەرلەمانیش بو، بەڵام پارتی لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کارا کردەوە و، بڕیارەکەی لە وەقایعی کوردستان بە واژۆی جێگری سورۆکی پەرلەمان بڵاو کردەوە و لە بەردەم ئەنجومەنی دادوەریش سوێندیان خوارد. داواکەی بەندە لە دادگای فیدڕاڵی (بۆ نادەستوری بونی درێژکردنەوەی خولی پێشوی پەرلەمان) ئەو پڕۆسەیەی وەستاند (چونکە بەندە داوای (أثر رجعي)م کردبو بۆ بڕیارەکەی دادگا). 
ئەمە بۆ پارتیش راستە لە سلێمانی و هەڵەبجە. 

دۆخی هەرێم پێویستی بە یەکگرتنەوەی راستەقینە و ئاسایی کردنەوەی دۆخی هەمو پارێزگا و شارەکانی هەرێم و، بەگشتی کردنەوەیانە. 
ئەگەر ئەمە ئێستا مەیسەر نابێت، لانی کەم خۆ دەکرێ دامەزراوەکانی حوکمڕانیی هەرێم بەسەر پارێزگاکانی هەرێم دابەش بکرێن. لەم روەوە ئەزمونی هۆڵەندا و سویسرا جێی سەرنجن!


بژاردەکان هەمویان قورس و پڕکێشەن. 
باشترین و نیشتیمانیترین بژاردە هێشتا یەکگرتنەوە و تێکەڵبونەوەی راستەقینە و هێنانەکایەی گۆڕانکاریی ریشەییە لەم شێوازە حوکمڕانییە شکستخواردوەی بەبنبەست گەیشتوە. 

بژاردەکانی تر باجیان قورسە، تەنانەت رەنگە دەرەنجام ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوە یان پوکانەوەی قەوارەی هەرێم و بەشکڵیکردنی. 

بەپێی دەستور هەمو پارێزگایەک یان زیاتر بۆیان هەیە داوای دروست کردنی هەرێم بکەن (مادەکانی: 117/ دووەم، 119). ئەم مافەی هەر پارێزگایەک بە رەهایی هاتوە، واتە پارێزگاکانی هەرێمیش ئەگرێتەوە، وەگەرنا دانەرانی دەستور ئەیانتوانی پارێزگاکانی ناو هەرێم لەو مافە بەدەر بکەن، وەک (مادەی 122)، بنوسن (هەر پارێزگایەکی نارێکخراو لە هەرێم یان زیاتر مافی دروست کردنی هەرێمیان هەیە)، بەڵام بە مەبەست لە مادەی 117/ دووەم وا نەنوسراوە. لە دەستوردا تەنها بەغدا ئاوارتە کراوە لە چونەپاڵ هەر هەرێمێک (مادەی 124). 
ئەوەشی کە دەستور لە (مادەی 117/ یەکەم) دانی بە بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی ناوە و، لە (مادەی 53/ أ)ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت و (مادەی 143)ی دەستور دانی بە سنورەکانی هەرێم دا ناوە کە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە تا 19/ 3/ 2003 بە دەست هەرێمەوە بون، بە مانای ئەوە نایەت کە بەپێی دەستور نابێت هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو سنورانەدا بێت، ئەوەتا دەستور خۆی لە مادەی 140 باسی ئەگەری گۆڕانکاریی کردوە لەو سنورە. 

کاک نەوشیروان پاڵپشتی پێدانی ئەو مافە بە پارێزگاکانی هەرێم بوە، بۆ ئەوەی مانەوە لەچوارچێوەی هەرێم ئارەزومەندانە بێت نەک بەزۆر سەپاندنی و قۆستنەوەی ئەوە بۆ هێنانەکایەی حوکمڕانیی دەسەڵاتگەر (الحکم السلطوي)ی ناوەندیی پەڕگیر!

کەواتە دروست بونی هەرێمی تر لە هەناوی هەرێمی کوردستان دەستورییە، بەڵام لە روی سیاسییەوە چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە ئاستی عێراق بێ مشتومڕ نابێت. 

پرسی مامەڵەی سەربەخۆی ئیداری و داراییش، بێ ئاڵنگاری نییە و پێویستی بە دەقی قانونی هەیە. 

پێویستە ئەوە بزانرێ کە وەک باسمان کرد ئەم بژاردانە باجیان قورسە و مەرج نییە هەرێم بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی 1996- 2006، چونکە هەلومەرجەکان بە تەواوی گۆڕاون. 

دواجار پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا وەک نەتەوەیەکی تینووی حوکمڕانییەکی سەردەمیانە ئەتوانین گرێبەستێکی سیاسیی نوێ بهێنینە کایەوە، یان وەک تۆم باڕاک وتی هەر بە بارمتەی دو خێڵ و دەرەبەگ ئەمێنینەوە!؟


PM:07:24:14/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو