وێستگەنیوز- نێچیر کەمال
کۆمپانیای دانە غاز لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەنگۆی بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان سەبارەت بە وێستگەی غازی کۆرمۆر ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر وێستگەکە کەوتووە، ناتوانرێت هیچ بڕە غازێک بەرهەم بهێنرێت.
وتەبێژی کۆمپانیای دانە غاز لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: وەک پێشتریش لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە راگەیەندراوە، زیانێکی گەورە بەر وێستگەکە کەوتووە و لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ بڕە غازێک بەرهەم بهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، کۆمپانیاکە داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات کە خۆیان لە ڕووماڵکردنی نابەرپرسانە و پێشبینی و لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن و پشت بە زانیاریی ناڕاست نەبەستن.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لە وێستگەی کۆرمۆر کاریگەریی ڕاستەوخۆ و گەورەی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کردووە، چونکە ئەم وێستگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غازە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ئێستا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ شەش کاتژمێر کەمبووەتەوە.
PM:05:08:14/11/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه