داوا دەکرێت ڕێگە بە پەرلەمانتاران نەدرێت فراکسیۆنەکانیان بگۆڕن

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

دامەزراوەی پەی دژی هەمووارکردنەوەی مادەی 110ـی پەرلەمانی کوردستان وەستایەوە و داوای دەکات کە دەقی مادەکە بۆ پێش هەمووارەکە لە ساڵی 2019 بگەڕێندرێتەوە، کە ڕێگریی دەکات پەرلەمانتاران فراکسیۆنەکانیان بگۆڕن.


دامەزراوەی پەی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە 28ـی ئەیلوولی 2019ـدا، دامەزراوەکەمان بە بەیاننامەیەک بە ناونیشانی (پێویستە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت) هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی هەمووارکردنی مادەی (110)ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە ڕێگە بە پەرلەمانتار دەدات فراکسیۆن و حزب بگۆڕێت، ئەو کاتە ڕوونمان کردەوە کە ئەم هەمووارە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کڕینی کورسیی حزبەکان و ئیرادەی دەنگدەران و دەبێتە هۆی ئەوەی حزبە گەورەکان کورسیی حزبە بچووکەکان بۆ خۆیان ببەن، بەڵام ڕۆژی دواتر، 29ـی ئەیلوولی 2019، پەرلەمان هەمووارەکەی پەسەند کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کاتە نەک هەر گوێ لە هۆشدارییەکەمان نەگیرا، بەڵکو تۆمەتباریش کراین بەوەی گوایە دژی ئازادیی پەرلەمانتارین! لە کاتێکدا ئێمە ئەو کاتەش و ئێستاش جیاوازی دەکەین لە نێوان ئازادیی هەڵوێست، کە پشتیوانی لێ دەکەین و گۆڕینی حزب و بردنی دەنگی دەنگدەران بۆ حزبێکی تر، کە دژی بووین و دژین.

دامەزراوەکە داواشی لە لایەنەکانیش کردووە کە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەو شێوەیە پەرلەمان کارابکرێتەوە کە لایەنەکان لەسەری ڕێک دەکەون و لە بەرژەوەندی خەڵك و هەرێمی کوردستاندایە.

هەروەها داوای کردووە کە دەقی مادەی 110 بۆ پێش هەمووارەکەی 2019 بگەڕێندرێتەوە، بە جۆرێک هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنەکەی جیابووەوە یان چووە پاڵ فراکسیۆنێکی تر، ئەندامێتیی خۆی لەدەست بدات و کاندیدی دواتری هەمان لیست بەپێی ڕیزبەندی شوێنەکەی پڕ بکاتەوە.

پەی، پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستانیشی کردووەتە یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی و جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان واز لە بەکارهێنانی یاسادانان بهێنن بۆ لێدان لە یەکتری و هەڵوێستەکانیان یەکبخەن بەرامبەر هەر هەوڵێکی کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستووەرییەکانی هەرێم، تا پەرلەمان بتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی، کە یاسادانان و چاودێریی حکومەتن، جێبەجێ بکات.

لە 4ـی تشرینی دووەم، پەدەکە بە کۆکردنەوەی 52 پەرلەمانتار کۆبوونەوەی یەکەمی تەواوکاری پەرلەمانی ئەنجامدا، کە 13 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی دیکە و پێکهاتەکان بوون، لە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوە تاکلایەنەی پەدەکەدا، بافڵ تاڵەبانی کشانەوەی یەنەکەی لە حکومەتی کاربەڕێکەر ڕاگەیاند و هەڕەشەی دروستکردنی حکومەتێکی لە سنووری سلێمانی کرد.


PM:04:46:14/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو