زیلان دەشتی خوێندکاری زانکۆی سەلاحەدین لە ئاهەنگی دەرچوونیدا کۆچی دوایی کرد

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئێوارەی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، خوێندکارێکی زانکۆی سەلاحەدین بە ناوی (زیلان دەشتی بندیان) تەمەن 23 ساڵ، لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچوونیدا لە یاریگای هەولێر، بەشێوەیەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد.


بەپێی زانیارییەکان، ئەو خوێندکارە نەخۆش بووە و لەناو یاریگادا کەوتووە؛ تا گەیشتوونەتە سەری قسەشی کردووە، بەڵام دواتر لە رێگا گیانی لەدەستداوە.

لەو بارەیەوە، رێژوان دلێر، نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی زانست رایگەیاند، زیلان دەشتی خوێندکاری بەشی زانست و تەندروستی ژینگە بووە لە زانکۆی سەلاحەدین و بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.

لای خۆیەوە، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی زیلان دەشتی پشتڕاست دەکەینەوە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە خوێندکارەکە لەناو یاریگادا تەندروستی تێکچووە و لە کاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، ئێوارەی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 45ەمینی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.


AM:08:20:13/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت