دەیلی ئێکسپرێس: خێزانی لاهور شێخ جەنگی داوای دەستوەردانی هەواڵگریی بەریتانیا دەکەن

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

رۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس"ـی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، خانەوادەی لاهور شێخ جەنگی پەنایان بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا بەتایبەت دەزگای هەواڵگریی دەرەکی (MI6) و وەزارەتی دەرەوە بردووە، بە مەبەستی دەستوەردان لە دۆسیەی زیندانیکردنی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان، کە بە وتەی ئەوان بە تۆمەتی "بێبنەما و پاڵنەری سیاسی" لە زینداندا هێڵراوەتەوە.


بەگوێرەی راپۆرتەکە، لاهور شێخ جەنگی تەمەن 51 ساڵ و پۆڵادی برای تەمەن 48 ساڵ، هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین و لە ناوچەی بێکنهام لە باشووری لەندەن گەورە بوون، دوای ئەوەی خێزانەکەیان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێندا عێراقیان بەجێهێشتووە، دواتر لە ساڵانی 2000ـەکاندا گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و لە شەڕی دژ بە تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا هاوکاریی نزیکی هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکایان کردووە.

رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە کە لاهور تاڵەبانی، وەک سەرۆکی پێشووی گرووپی دژەتیرۆر (CTG) هەماهەنگیی راستەوخۆی لەگەڵ هەردوو دەزگای هەواڵگریی "سی ئای ئەی" و "ئێم ئای 6" هەبووە، هەروەها رۆڵی سەرەکی هەبووە لە رێگریکردن و دەستگیرکردنی ئەو نامەبەرەی کە بووە هۆی ئاشکراکردنی حەشارگەکەی ئوسامە بن لادن لە پاکستان و کوشتنی لە ساڵی 2011دا.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەکەیان کە لە لەندەن نیشتەجێیە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "لاهور و پۆڵاد یارمەتیی رۆژئاوایان دا بۆ راگرتنی گەورەترین تیرۆریستانی جیهان، کەچی ئێستا بە تۆمەتی پێکەنیناوی سزادراون و دەزگا هەواڵگرییەکان و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەستبەرداریان بوون". خانەوادەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە کە لاهور دوای بەجێهێشتنی دژەتیرۆر و دامەزراندنی پارتی بەرەی گەل لە ساڵی 2024 بۆ رکابەریکردنی یەکێتی، رووبەڕووی ئەم تۆمەتانە بووەتەوە و ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەنەوە کە گوایە پیلانی کودەتایان دژی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی گێڕابێت.

لە لایەکی دیکەوە، سێر پیتەر وێستماکۆت، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمریکا، فەرەنسا و تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ دەیلی ئێکسپرێس رەخنەی لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە گرت و رایگەیاند: "ئەو دوو برایە پێش سزادانیان زیاتر لە ساڵێک بەبێ دادگاییکردن لە ژووری تاکەکەسی و لە بارودۆخێکی بەرگەنەگیراودا راگیرابوون، هەروەها شایەتحاڵەکانی کەیسەکە چاوترسێن کراون و هەڕەشەیان لێکراوە".

باڵیۆزی پێشوو جەختی لەوە کردەوە کە باشترین رێگە بۆ پێشەوە ئازادکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بەریتانییەیە ئەگەر بە مەرجی جێهێشتنی وڵاتەکەش بێت. هاوکات وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە پشتیوانی لەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە دەکەن.

سەبارەت بە رەهەندی یاسایی دۆسیەکە، لە رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای سلێمانی پشتبەست بە ماددەی 56 لە یاسای سزادان (تایبەت بە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی تاوان)، دوای هەشت دانیشتن سزای 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا سەپاند، هەروەها پۆڵادی برای بە 3 ساڵ و 6 مانگ، و رێبوار حامی حاجی غالی بە 2 ساڵ زیندانیکردن سزا دران، لە پاڵ سزادانی 8 کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز و بێتاوانکردنی 2 تۆمەتباری دیکە.

سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە بۆ بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە هاوبەشەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتی لە سلێمانی ئۆپەراسیۆنێکیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای چوار کاتژمێر لە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بە بەکارهێنانی چەکی قورس و درۆن، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بەپێی راپۆرتەکان 51 کەسیش بریندار بوون، کە لە ئەنجامدا بە دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و براکەی و دەیان کەسی دیکە کۆتایی هات، هاوکات بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئەو دوو برایە لەسەر تۆمەتی کوشتن دووبارە دادگایی بکرێنەوە.


PM:04:04:12/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت