دووەم دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کۆتایی بە کارەکانی هێنا
وێستگەنیوز –فیردەوس دڵشاد
پاش دوو ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی پانێڵ و پێشکەشکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی بە بەشداریی پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوە، ئەمڕۆ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی، کارەکانی دووەم دیداری کوردناسی بە سەرپەرشتیی ناوەندی کەشکۆڵ کۆتایی پێهات.
لە ماوەی دوو ڕۆژی کارەکانی کۆڕبەندەکەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە لێکۆڵەر، ڕووناکبیر و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، چەندین تەوەری تایبەت بە ڕەهەندە جیاوازەکانی ناسنامەی نەتەوەیی تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کوردناسی بوارێکی فراوانی فرەزانستییە و تەنیا لە مێژوو و ئەدەبدا قەتیس نابێت، بەڵکو بوارەکانی زمان، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی، سیاسەت، هونەر، سینەما، ئەرشیف و وێنە کۆنەکانیش دەگرێتەوە؛ بە ئامانجی ئەوەی لە ڕێگەی زانستییەوە هەموو لایەنەکانی شوناسی کوردی بناسرێن.
لە میانەی گفتوگۆ و پانێڵەکاندا، ئاماژە بەوە درا کە هەرچەندە نەبوونی دەوڵەت هۆکار بووە بۆ ئەوەی کورد وەک پێویست خۆی نەناسێت، بەڵام نابێت تەنیا لە دید و دەقی سەرچاوە بیانییەکانەوە سەیری مێژووی خۆمان بکەین و خۆمان بەکەم بزانین، بەڵکو پێویستە کوردناسی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی و هاوچەرخی زانستییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
ئەم کۆڕبەندە زانستییە کە دووەم ساڵە لەسەریەک لەلایەن ناوەندی کەشکۆڵ بۆ هونەر و کلتوور ڕێکدەخرێت، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە پاراستنی میراتی نەتەوەیی، فراوانکردنی توێژینەوە ئەکادیمییەکان و گەیاندنی کولتوور و کەلەپووری کوردی بە نەوەکانی داهاتوو.
PM:02:34:12/11/2026
ئهم بابهته 36
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت