بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی لە پەرلەمان روویدا داڕمانێکی سیاسییە و دان بەم دۆخەدا نانێین
وێستگەنیوز- بابان عومەر
بافڵ تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی رایگەیاند، ناکرێت جیاوازییە سیاسییەکان بە توندوتیژی چارەسەر بکرێن، هەروەها هاوڕایی خۆی لەگەڵ وتەکانی تۆم باراک نیشاندا و روونیکردەوە کە بە ئەمریکییەکان دەڵێت چارەسەر هەمیشە دەبێت لە رێگەی دیالۆگەوە بێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و رووداوەکانی پەرلەمان، بافڵ تاڵەبانی رەخنەی توندی لە پارتی دیموکراتی کوردستان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە پەرلەمان روویدا هەموو دەرگاکانی داخست، کێشەکانی زیاتر ئاڵۆز کرد و بە تەواوەتی دۆخەکەی تێکدا، ئەوەش بێڕێزییەکی تەواو بوو بەرامبەر پەرلەمان و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتییان بوو لەلایەن پارتییەوە.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی: "ئەم رووداوە لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا هاوشێوەی نییە و باوەڕپێنەکراوە، ئەگەر لە دەرەوە رووی بدایە دەخرانە زیندانەوە؛ ئەم کارەی پارتی هەڵەیەکی گەورە و داڕمانێکی سیاسیی قورسە لە مێژووی هەرێمدا کە هەرگیز لەبیر ناکرێت، ناتوانم لێخۆشبوون بۆ ئەم کارە ببینم و دڵنیابن ئەم قەیرانە گەورەیە بەبێ سزا تێناپەڕێت".
لە درێژەی وتەکانیدا ناوبراو رەتیکردەوە دان بە دۆخی ئێستای پەرلەماندا بنێن و رایگەیاند: "هیچ پەرلەمانێک نییە و دەبێت پرۆسەکە دووبارە بکرێتەوە. لەگەڵ هەموو حزبەکان قسەم کردووە، نە ئێمە و نە لایەنەکانی دیکەش نابینە بەشێک لەم پرۆسەیە و لەم شێوازەی حکومەتدا بەشداری ناکەین". باسی لەوەش کرد کە ماوەیەکی درێژە تێنەگەیشتن لە نێوان هەردوو هێزە سیاسییەکەدا دروستبووە و پەڕیوەتەوە بۆ بنکەی جەماوەریش، بەڵام رێکنەکەوتن نابێتە هۆی دروستبوونی پشێوی. ئەوەشی خستەڕوو کە کەمینەیەک لەناو پارتی هیچ شتێکیان قبووڵ نییە و ئێستاش دوو ئیدارەی بەڕێوەبردن لە ئارادایە.
لە تەوەرێکی دیکەی وتەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، سەرۆکی یەکێتی ئاشکرای کرد کە وەک هاوپەیمانێک سەیری دۆناڵد ترامپ و ئێرانییەکان دەکات، هەروەها کۆتا سەردانی بۆ تاران زۆر باش بووە و ئێرانییەکان گەرەنتیی ئەوەیان داوە کە خۆیان یان گروپەکانی مقاوەمەی نزیک لەوان هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان ئەنجام نەداوە، لە کۆتاییشدا پشتیوانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند کە متمانەی تەواوی بە حکومەتەکەی زەیدی هەیە.
AM:11:31:12/11/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت