هێرشەکەی کۆرمۆر ئاسایشی وزە و داهاتووی کارەبای هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە
وێستگەنیوز-ئارام عەلی
دووبارەبوونەوەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی
کۆرمۆر، پرسیاری جدی لەبارەی توانای پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکان و ئاسایشی
وزە و سەرکەوتنی پرۆژەی رووناکی دروست کردووە.
هێرشی
شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، جارێکی دیکە
ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستانی خستە ژێر پرسیارەوە، هێرشی
ئەم جارە زیانی زۆری هەبوو کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و وەستانی بەرهەمهێنانی گاز،
هەروەها توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی بە نزیکەی 2500تا 2800 مێگاوات کەم کردەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی کارەبای
هاووڵاتیان هەبووە.
کۆرمۆر
یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم و بەرهەمەکەی پشتگیریی
بەشێکی زۆری کارەبای هەرێم دەکات، بۆیە گرنگیی ستراتیژیی ئەم کێڵگەیە و کاریگەریی راستەوخۆی
لەسەر ژیانی هاووڵاتیان وای کردووە ببێتە ئامانجێکی هەستیار، لە رووی شیکارییەوە،
هێرشکردنە سەر ئەم دامەزراوەیە دەتوانێت ئامانجی دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی
هەرێم و تێکدانی ئاسایشی ئابووری و وزە بێت، هەرچەندە ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە
تا ئەم ساتە نادیار و نەناسراوە.
رووداوەکە
پرسیاری جدی لەبارەی پرۆژەی (رووناکی) دروست کردووە، پرۆژەیەک کە ئامانجی
دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، پەککەوتنی کۆڕمۆڕ نیشانیداوە کە
سیستەمی وزەی هەرێم هێشتا بە شێوەیەکی زۆر پشت بە یەک سەرچاوەی سەرەکیی غاز
دەبەستێت و لە کاتی قەیراندا جێگرەوەیەکی خێرا و کاریگەر نییە، هەرچەندە ئەمە بە
مانای شکستخواردوویی تەواوی پرۆژەکە نییە، بەڵام لاوازییەکی سەرەکی لە سیستەمی
دابینکردنی وزە دەردەخات.
لە
لایەکی ترەوە، بەڵێنەکانی بەغدا بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژەدرۆن
هێشتا بە تەواوی جێبەجێبوونیان پشتڕاست نەکراوەتەوە، هەروەها راپۆرتەکانیش ئاماژە
بەوە دەکەن سیستەمێکی دژەدرۆنی بەریتانیا بەهۆی کێشەی مۆڵەتی بەکارهێنان نەیتوانیوە
کارا بکرێت، ئەمەش پرسیاری ئەوە دەخاتەڕوو کە بۆچی دوای چەندین هێرش و بەڵێنی
پاراستن، هێشتا کێڵگەکە بە تەواوی لە هەڕەشە ئاسمانییەکان نەپارێزراوە؟
لە رووی
بەرپرسیارێتییەوە، پاراستنی کێڵگە تەنها ئەرکی یەک لایەن نییە، حکومەتی هەرێم
بەرپرسیارە لە ئاسایشی ناوخۆ و دەوروبەری کێڵگە، لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی عێراق
ئەرکی پاراستنی ئاسمانی و هاوئاهەنگیی بەرگریی ئاسمانیی لە ئەستۆدایە.
لە
کۆتاییدا دەگەینە ئەوەی، پاراستنی کۆڕمۆڕ تەنها پاراستنی کێڵگەیەکی غازی نییە،
بەڵکو پاراستنی ئاسایشی وزە و ئابووری و ژیانی رۆژانەی ملیۆنان هاووڵاتییە،
چارەسەری ئەم کێشەیەش پێویستی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و دامەزراندنی سیستەمی
بەرگریی کاریگەر و بیرکردنەوە لە دروستکردنی سەرچاوەی جێگرەوەی وزە هەیە.
PM:08:14:11/11/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت