عەلی زەیدی بڕیاریدا بە خێراکردنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ بەڕێوەچوونی رەوتی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو هێرشە کرد کە کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی.


بەپێی راگەیەندراوێکی سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، زەیدی لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانیدا رێنمایی داوە بە تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بە خێرایی و ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی لە زووترین کاتدا، تاوەکو ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتەبەر کە تێوەگلانی لە هێرشەکەدا بسەلمێندرێت، هەروەها لێپرسینەوە لە کەسانی بەرپرس بەپێی یاسا ئەنجام بدرێت، بە شێوەیەک کە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە دەستەبەر بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە گرنگەکان و دەستەبەرکردنی تەواوی سەلامەتیی کارمەندەکانیانە لە هەر هەڕەشەیەک.


PM:04:06:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت