فراکسیۆنی پارتی: هەر هەوڵێک بۆ لێکترازاندنی قەوارەی هەرێم پێشێلکردنی دەستوورە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 117ی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان کیانێکی یەکگرتوو و دەستوورییە، بۆیە هەر هەوڵێک لە بەغداوە بۆ دروستکردنی هەرێمی جیاواز یان لاوازکردنی پێگەی قەوارەکە، نەک تەنیا پێشێلکردنی راستەوخۆی دەستوورە، بەڵکو پشتکردنە لە مێژووی قوربانیدانی گەلی کوردستان.


دانەر عەبدولغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ماددەی 117ی دەستووری فیدراڵی بە روونی دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت وەک کیانێکی دەستووریی یەکگرتوو بە هەموو دەسەڵات و دامەزراوە شەرعییەکانیەوە، بۆیە پاراستنی ئەم قەوارەیە ئەرکی هەموو لایەکە، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆستە باڵا و سیادییەکاندان و بە تایبەتیش ئەرکی یەکەمی سەرۆککۆماری عێراقە.

وتیشی: "هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردن، لێکترازاندن، یان نەهێشتنی ئەم قەوارەیە، بەزاندنی ئاشکرای دەستوور و بەفیڕۆدانی ئەو خوێن و قوربانیدانە مەزنەیە کە گەلی کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیدا بەخشیوێتی".

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی روونکردەوە، ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە بەغدا بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بپارێزن، بەتایبەت سەرۆککۆمار کە بەگوێرەی ماددەی 67 دەبێت هێمای یەکێتیی نیشتمان و پارێزەری دەستوور بێت، هەربۆیە هەر کارێک پێچەوانەی ئەرکە دەستوورییەکان بێت، بە پێشێلکردنی دەستوور هەژمار دەکرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا، دانەر عەبدولغەفار جەختی لەوە کردەوە کە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات، ئەنفال و کیمیابارانە، ناکرێت لە پێناو ململانێی سیاسی و دەستکەوتی حزبیی کاتیدا دەستی بۆ ببرێت؛ داواشی لە سەرجەم نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد بەرگریکاری سەرسەختی ئەم کیانە بن و نەبنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پلانی نەیارانی فیدراڵیزم دژی مافە رەواکانی گەلی کوردستان.


PM:02:10:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت