عەبدولستار مەجید بۆ وێستگەنیوز: قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسيیەكی گەورەدایە

‌

وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت: كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان درزێكی دیكەى خستەناو ماڵی كوردی و قەیرانەكان زیاتر قوڵتر دەكاتەوە و كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات.

عەبدولستار مەجید، تایبەت بە وێستگەنیوزی وت: "بە هەردوو بارەكە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە مەترسییەوە، بەوەی كە تۆ پەرلەمانت نەبێت حكومەتت نەبێت شەرعیەتیان نەمێنێت ئەوا قەوارەكە دەخاتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە".

وتيشى، "هەروەها ئەگەر لایەنێك پەرلەمان كارا بكاتەوە و لایەنەكەی دیكە كە هەردووكیان سەرەكین لە هەرێمی كوردستان بەشداری نەكەن بە تایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەگەر بەشداری ئەم پەرلەمانە نەكات و لە حكومتیش كشاوەتەوە و ئەگەر بەم ئاڕاستەیە بڕوا زیان و زەرەرێكی گەورەی دەبێت و بە ئاڕاستەیەكی خراپدا دەڕوات".

ناوبراو باسی لەوەشكرد بۆ وێستگەنیوز، "هیوادارم سەركردایەتی سیاسی كورد بەهەموو لایەكمانەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن هەرێمی كوردستان بپارێزین و چۆن بتوانین خزمەتێكی شایستەی خەڵك و میللەتەكەمان بكەین و ڕێگە نەدەین هاونیشتیمانیانمان لەوە زیاتر زیان بكەن و هەرێمەكەمان لەوە زیاتر لاواز نەبێت".

دووپاتێشیكردەوە، "ئەگەر هەر بەم ئاڕاستەیە بڕوات و بەم شێوەیە بێت ئێمە پێمان وایە لەوانەیە هەم میللەتەكەمان و هەروەها قەوارەكەشمان زیانی گەورەتری بەردەكەوێت و تووشی مەترسی گەورەتر دەبێت".


PM:06:32:10/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو